قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، خوازیاری پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزارین کە بتوانێت کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتیش کێشە ئابورییەکان و خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکات و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان باشتر بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئیڤێت کوپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند بابەتێکی جێی بایەخی هەردوولا و بە تایبەتیش چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئەمنی و رێگریکردن لە دیاردەی کۆچی نایاسایی تاوتوێ کران.
لە تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی بەریتانیا لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بواری هەماهەنگی ئەمنی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکانی کۆچی نایاسایی و رێگریکردن لە تاوانی رێکخراو و قاچاخی مادەی هۆشبەر، ستایشی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییە باشە کرا کە تا ئێستا لەنێوان هەردوولادا هەیە و خوازیاربوون لە داهاتوودا لەمبارەیەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەرەوپێشچوونی زیاتریش بەخۆیەوە ببینێت.
سەبارەت بە چۆنییەتی کەمکردنەوەی دیارەی کۆچی نایاسایی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی دەبێت لە رووی ئەمنییەوە هەوڵی زیاتر لەمبارەیەوە بدرێت، بەڵام بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێکەوە کاربکەن تا پەرە بە گەشەسەندنی ئابووری قەزا و ناحیەکان بدرێت، چونکە گەشەسەندنی ئابووری و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری لەناو گەنجان لە ناوچە جیاوازەکان چارەسەری بنەڕەتییە بۆ نەهێشتنی دیاردەی کۆچی نایاسایی.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستی پێکردووە.
وتیشی، “ئێمە خوازیاری پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزارین کە بتوانێت کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتیش کێشە ئابورییەکان و خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکات و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان باشتر بکات”.