شارەزایەکی یاسایی رایدەگەیەنێت، کە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران نابێت.
فازل غەراوی سەرۆکی بنکەی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 49 لە دەستووری عێراق هەر کورسییەکی پەرلەمان بۆ 100 هەزار هاوڵاتیی عێراقی دیاریکراوە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا ئەم ماددەیە لەکارخراوە بەهۆی نەبوونی سەرژمێرییەکی دروستی دانیشتووان.
وتیشی، دیاریکردنی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە پشتبەستن بە سەرژمێرییە کۆنەکان و بە خەمڵاندن دیاریکراوە، بەوەش ژمارەی دانیشتووان بە 32.9 ملیۆن کەس خەمڵێنراوە و ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە 329 کەس دیاریکراوە.
وتیشی، ناکرێت ئەم سەرژمێرییە بکرێتە پێوەر بۆ زیادکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە ئەوەی ئەنجامدراوە سەرژمێریی دانیشتووان بووە، نەک سەرژمێریی گشتگیر کە وەک لە دەستووردا ناوی هاتووە، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی سەرژمێریی گشتگیر دەبێت زانیاریی لەبارەی ئایین و نەتەوە تێدابێت بەڵام لەم سەرژمێرییەدا بوونی نەبوو.
ئەو شارەزایە باسیلەوەشکرد، دەکرێت ماددەی 49 لە دەستوور هەمواربکرێتەوە لە هەمان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان بخرێتە راپرسییەوە.