هێزەكانی توركیا و گرووپە پشتیوانەكانی جارێكی دیكە ئاوی خواردنەوەیان لە شاری حەسەكە و ناوچەكانی ڕۆژئاوای بڕی.
ئاژانسی فەرمیی سوریا ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانونی دووەم لە زاری مەحمود علكە، بەڕێوبەری دامەزراوی ئاو بڵاویكردەوە، هێزەكانی توركیا ڕێگرییان لە كارمەندانی وێستگەی ئاوی علوك كردووە كاری پێبكەن و ناچاریانكردوون ناردنی ئاو ڕابگرن، ئەمەش بووەتەهۆی بێبەشبوونی نزیكەی یەك ملیۆن دانیشتووی حەسەكە و ناوچەكانی ڕۆژئاوای لە ئاوی خواردنەوە، كە وێستگەكە تاكە سەرچاوەیانە.
پێشتر 18 جاری دیكە توركیا ناردنی ئاوی لە وێستگەی علوك-ەوە ڕاگرتووە، لەوەتەی لە ساڵی 2019ەوە دەسەڵاتی خۆی لە بەشی باكووری حەسەكە سەپاندووە.
وێستگەی ئاوی علوك دەكەوێتە دەوروبەری شاری سەرێكانی و یەكێكە لە سەرچاوە گرنگەكانی ئاوی خواردنەوە لە ناوچەكەدا.
بە پێی ئاژانسی هەواڵی سوریا (سانا) لە ساڵی 2019ەوە توركیا بەردەوامە لە پەلاماردانی ژێرخانی وڵاتەكە و وێستگە و تۆڕەكانی گواستنەوەی كارەبا لە ناوچەكانی باكوور بە مەبەستی فشارخستنەسەر دانیشتووان و ئاوارەكردنیان لە ناوچەكانیان لەڕێگەی بێبەشكردنیان لە سەرچاوەكانی ژیان.