هاتوچۆی هەولێر هاتوچۆی ماتۆڕسكیل لە هەندێك لە شەقامەكاندا و بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتاش لە شارەكەدا قەدەغە دەكات.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێرەوە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، لەپێناو رێکخستنی شەقام و کەمکردنەوەی جەنجاڵی و رووداوی هاتوچۆ لە شەقامەکان و نەهێشتنی حاڵەتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، ئەم بڕیارانەی دا:
1- قەدەغەبوونی هاتوچۆی پایسکیل و مۆتۆرسیکل بەهەردوو جۆری دووتایە و سێ تایە لەسەر شەقامی خێرای 120م و 150م.
2- قەدەغەبوونی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی قورس کە لەبواری بیناسازی و کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێن، کە خێرایەکانیان لە 80 کم/کاتژمێرێک کەمترە لە هەردوو شەقامی 120م و 150م خێرا، بەڵکو دەبێت لەسەر فلات بگوازرێنەوە.
3- قەدەغەبوونی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە سەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر.
هاتوچۆی هەولێر دەشڵێت، هەر شوفێرێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و، ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلەکەی دەستی بەسەردادەگیرێت.