لە سنوورى چەمچەماڵ پێنج راوچى دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دواى ئەوەى لەلایەن ئاسایشى رۆژئاواى سلێمانى پێنج راوچیان دەستگیرکرد و رادەستى مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستانى چەمچەماڵ کران کە دوو ئاژەڵى کێوى (ئاسک)یان راوکردبوو، بەڵام بەهۆى تێکچوونى گوشتى ئاژەلەکان لەناوبران و هاوکات توانیان دەست بەسەر سێ چەکى کڵاشینکۆف و 200 فیشەکى کڵاشنکۆف و پێنج مەغزەن و یەک چەکى تاپڕ و حەوت فیشەکى تاپڕ و یەک دەمانچە و 14 فیشەک و سێ چەقۆ و سێ لایت و حەوت مۆبایل و ئۆتۆمبێلێکدا بگیرێت .
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخراوە و بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسای رادەستی دادوەر کران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەشڵێت، ئێستا دیاردەى راوکردنى ئاژەڵە کێویەکان لەلایەن راوچییەکانەوە لە زۆرێک لە سنوورەکان دووبارە دەبێتەوە، ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی دارستان بەشێوەی مەفرەزەی گەڕۆک و خاڵی چاودێر بەچڕی و بە وردی چاودێریی سنورە شاخاویەکان دەکەن.