سبەینێی یەکشەممە، سێیەمین سیمپۆزیومی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی، “گەڕان بەدوای داهاتووی چارەسەری شێرپەنجە” لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
سیمپۆزیومەکە بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی چەرموو، زانکۆی کەرخ، پەیمانگەی بڕایت، سەنتەری نێودەوڵەتی -ICTP بۆ فیزیای تیۆری و دامەزراوەی Warithی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەڕێوەدەچێت.
ئامانجی سیمپۆزیومەکە خستنەڕووی رێگاکانی چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و پەرەسەندنەکانی تەکنەلۆژیای ئەو بوارەیە بۆ دۆزینەوەی رێگە و چارەسەری نوێ پەیوەست بە نەخۆشی شێرپەنجە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئاماژەی بەوەکردووە، سمپۆزیۆمەکە بە بەشداری دیارترین لە شارەزایان و ژمارەکی بەرچاو لە پسپۆڕان و توێژەرانی (ئیتاڵی، عێراقی، کوردی) بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی (سێ رۆژ) بەردەوام دەبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، سیمپۆزیومەکە رۆژی یەکەم لە هۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات و رۆژانی دووەم و سێیەم لە پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی بڕایت درێژەی دەبێت و پسپۆڕان و توێژەرانی بیانی و ناوخۆیی زنجیرەیەک سیمناری گرنگ پێشکەش دەکەن.