وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەركەوتنی پلانی ئەمنیی تایبەت بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و باڵەخانەكان رادەگەیەنێت.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزە ئەمنییەكان لە سەرتاسەری وڵات هاوشانی بژمێرەكان بوون بۆ سەركەوتنی ئەركەكەیان و بەشداریكردن لە كێشانی نەخشەی ئاوەدانیی عێراق.
دەشڵێت، سەركەوتنی پلانی ئەمنیی تایبەت بە سەرژمێریی گشتیی رادەگەیەنین، لەگەڵ كۆتایی هێنان بە قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاكان و لەنێوانیشیاندا هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو قۆناغی پێش كۆتایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، دواتریش بەمەبەستی تەواوكردنی ئەو ئەركە، درێژەدان بە سەرژمێری و قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان بۆ رۆژی هەینی درێژكرایەوە.
چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامی سەرژمێرییەكە لە رووی ژمارەی دانیشتووانەكەوە ئاشكرابكرێت.