وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت: سەرەتای ساڵی داهاتوو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە

وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستپێدەکاتەوە.

کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە وەکالەت رایگەیاند، بەهۆی راگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق دەگات کە بە کۆی گشتیی تا ئێستا گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار.

ئاماژەی بەوەشکرد، خاڵێکی نێو یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی بە شەش دۆلار لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، رێگر بووە لە هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام لە ئێستادا هەولێر و بەغداد، لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی ناو یاساکە و زیادکردنی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ نزیکەی 20.6 دۆلار رێککەوتوون و لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 16 دۆلار بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت.

ئاشکراشیکرد، پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ هەمواری یاساکە پەسەند بکرێت، ئامادەکارییەکان تەواو ببن و سەرەتای ساڵی داهاتوو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

بابەتی پێشتر

جەنگی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا پێینایە رۆژی هەزارەمینەوە

بابەتی دواتر

هێڵی گەرمیی پەیوەندیکردنی هاوڵاتییان بە بژمێرەکان راگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share