لەدوای درووستبوونی دەوڵەتی پادشایەتی لە عێراق لە ساڵی 1921، تاوەکو ئەمڕۆ ئەم وڵاتە هەشت جار سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ئەنجامداوە، بەشێکیان شکستیان هێناوە و وردنەبوون، یاخود کێشەیان تێداهەبووە و بە خەمڵاندن کراون، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، دوای تێپەڕبوونی 27 ساڵ جارێکی دیکە سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدەدرێتەوە.
نۆیەم سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە مێژووی عێراقدا، کە ئێستا لە سەرووبەندیداین، بەدوای هەشت سەرژمێری پێش خۆیدا هاتووە، کە لە ساڵی 1927وە دەستیان پێکردووە و کۆتا دانەیان لە ساڵی 1997دا ئەنجامدراوە.
پێش درووستکردنی دەوڵەتی عێراق، وڵاتەکە چەند ویلایەتێک بووە، ئەوانیش لە ژێر دەستی ئەو دەسەڵاتدارانە بوون کە بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم، حوکمی ناوچەکانیان کردووە لەو سەردەمانەدا دانیشتووان ئەو ناوچەیەی بە عێراقی ئەمڕۆ هەژماردەکرێن، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان بە نزیکەی سێ ملیۆن کەسێک خەمڵێندراوە.
بەڵام لەدوای درووستبوونی عێراقەوە، ساڵی 1927 یەکەم سەرژمێری گشتیی دانیشتووان ئەنجامدرا، سەرژمێرییەک بە وتەی شارەزایانی ئامار و مێژوو، هەر زوو شکستی هێناوە، بەهۆی ئەوەی لیژنەیەک لە مزگەوت و قوتابخانەوە کاریان ئەنجامداوە لەناو شارەکان و گوندەکان و ناوچە سنوورییەکان بە خەمڵاندن کراوە و ئەنجامەکەی ئەوە بووە، ژمارەی دانیشتووان نزیکەی سێ ملیۆن کەسە.
دووەم سەرژمێری ساڵی 1934، سەرژمێرییەک لە رێگەی موختارەکانەوە کراوە، سەرۆک خێزان بانگکراوە و پرسیاری لێکراوە لەبارەی منداڵ و ئەندامانی خانەوادەکەیەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەردەمی سەربازیی زۆرەملێبوو، زۆرێک لە سەرۆک خێزانەکان باسی کوڕەکانیان نەدەکرد و دەیانشاردنەوە هەر بۆیە هەر زوو شکستی هێنا و نەبووە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، بەڵام کاری پێدەکرا بۆ ماوەی 20 ساڵ، لەم سەرژمێرییە ژمارەی دانیشتووانی عێراق سێ ملیۆن و نزیکەی 200 هەزار کەس بوو.
سێیەم سەرژمێریی لە عێراق، ساڵی 1947، سەرژمێرییەکی تاڕادەیەک مۆدێرن بوو لە مێژووی عێراقدا، لیژنە دروستدەکرا و دەنێردرایە ماڵەکان بۆ کۆکردنەوەی داتا، سەرەڕای تێبینییەکان، بەڵام لەوانی دیکە باشتربوو، ژمارەی عێراقییەکان گەیشتە چوار ملیۆن و 816 هەزار و 185 کەس.
چوارەم سەرژمێریی دانیشتووان، ساڵی 1957، عێراق بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی سەرژمێری کاریکرد، کە دەبێت هەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێریی دانیشتووان ئەنجام بدرێت، تا ئێستاش باسی ئەم سەرژمێرییە دەکرێت و دەوترێت باشترین سەرژمێری بووە لە مێژووی عێراقدا، چونکە دۆخەکە ئارام بووە لەو کاتەدا، زانیارییەکان وردبوون تەنانەت کورد بەردەوام داوای ئەوە دەکات ئەم سەرژمێرییە لە بەرچاوبگیرێت بۆ ماددەی 140ی دەستوور، ژمارەی عێراقییەکان لەم سەرژمێرییە گەیشتە شەش ملیۆن و 298 هەزار و 976 کەس.
سەرژمێری پێشخراوی ساڵی 1965، پێنجەم سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی وا بڕیاربوو كە لە ساڵی 1967 سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان ئەنجامبدرێت واتە هەر 10 ساڵ جارێك، بەڵام بە بڕیارێكی لەپڕ لە ساڵی 1964دا بڕیاردرا كە لە ساڵی 1965 سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا ئەنجامبدرێت، بەهۆی کاتی سەرژمێرییەکە و ئەنجامدانی پەلەپەل، ئامارەکان وردنەبوون هەندێک شوێن بە خەمڵاندن کران، هەر بۆیە کاری پێنەکرا، دانیشتووانی عێراق گەیشتبووە هەشت ملیۆن و 97 هەزار و 220 کەس.
شەشەم سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق، ساڵی 1977، ئەم سەرژمێرییە زۆر ورد بوو، بەهۆی ئەوەی شریتی موگناتیزی و کۆمپیوتەر لە عێراق پەیدابووبوو، تیایدا بەکاربرا، بەڵام دوو شتی کەم بوو، یەکەم پێکهاتەی ئاینی، دووەم پێکهاتەی نەتەوەیی، لەم سەرژمێرییەدا ژمارەی دانیشتووان 12 ملیۆن و 497 هەزار کەس.
حەوتەم سەرژمێری لە عێراق، ساڵی 1987 سەروبەندی جەنگی عێراق و ئێران، پێچەوانەی رێنماییەکانی کاتی ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان، سەردەمی گەرمەی پێکدادانی پێشمەرگە و شۆڕشی کورد دژی رژێمی پێشووی عێراق، ئەم سەرژمێرییەش بە شکستخواردوو هەژماردەکرێت، ئەنجامەکەی ئەوە بوو دانیشتووانی عێراق 16 ملیۆن و 335 هەزار و 199 کەسە.
کۆتا سەرژمێریی دانیشتووان کە عێراق پیایدا تێپەڕبووە تاوەکو ئەمڕۆ، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ساڵی 1997، عێراق لەدوای جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لێی، لەدوای جەنگی کەنداو و لاوازبوونی، دوای کۆچکردنی هەزاران کەس بۆ وڵاتانی دیکە، حكومەتی عێراق بەگوێرەی خەمڵاندنی دانیشتووان و لەژێر رۆشنایی گەشەی دانیشتووانی لەماوەی (1977-1987)دا ژمارەی دانیشتووانی سێ پارێزگاكەی هەرێمی خەمڵاند و لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا كۆیكردەوە، ژمارەی دانیشتووان گەیشتە 22 ملیۆن و 46 هەزار و 244 کەس، ئەم سەرژمێرییەش بەبێ پێکهاتەی نەتەوەی و ئاینی ئەنجامدرا.
سەرەڕای ئەوەی بڕیاربوو ساڵی 2007 سەرژمێری بکرێت، نەکرا، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە لە کاتی خۆیدا نەکرا و دواخرا.