بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەكان و هەماهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی كوردستان و عێراق بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە جەختیلێكرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەكێتی بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان و یەكخستنی توانا هەواڵگری و سەربازییەكان دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە هەموو هەوڵەكان لە چوارچێوەی پاراستنی ژیانی خەڵك و سەقامگیریی ناوچەكە بێت، هیچ بوارێك بۆ تیرۆریستان نەهێڵرێتەوە و هیچ بۆشاییەكی ئەمنی نەمێنێت.
سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو فەرماندەیەكی ئازای پێشمەرگە، ئەفسەرێك و سەربازێکی سوپای عێراق شەهیدبوون و چەند سەربازێکی دیکەش بریندارن. بۆیە ئەركی هەموولایەكە مەترسییەكان لەبەرچاوبگرن و رێوشوێنی تووندتر و كاریگەرتر بگیرێتەبەر.
دیدارەكە بە ئامادەبوونی جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەڕێوەچوو.