دەستەی ئاماری هەرێم رایدەگەیەنێت، سەرژمێریی گشتی لە هەموو عێراق و لە هەرێمی كوردستان لە یەككاتدا جێبەجێدەكرێت.
بەپێ راگەیەندراوێكی دەستەی ئاماری هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، پڕكردنەوەی تۆماری خێزان، بژمێرەكانی سەرژمێری، لە رۆژانی 17، 18 و 19، سەردانی سەرجەم شوێنەكان دەكەن، لە شار و لە گوند، لە هەر چوار پارێزگای هەرێم و هەموو خێزانەكان تۆماردەكەن و بۆ مەبەستی ئاسانكاری بۆ خێزانەكان و بۆ بژمێرەكانیش لە كاتی پڕكردنەوەی فۆڕمی سەرژمێری چەند زانیارییەكی سەرەتاییان لێوەردەگیرێت، وەك جۆری بینا، ژمارەی خیزانەكانی نێو بینا، ناوی سیانیی ئەندامانی خێزان، ناوی دایك و باوكی ئەندامانی خێزان، پەیوەندیی كەسەكان بە سەرۆكی خێزان، رەگەز، مێژووی لەدایكبوونیان.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە 20 و 21 ی ئەم مانگە قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ رادەگەیەنرێت و پێویستە هەموو كەسێك لە ماڵەوە بێت، بژمێرەكانی سەرژمێری، سەردانی هەموو بیناكان دەكەنەوە و دڵنیادەبنەوە لەوەی هیچ خێزانێك لەبیرنەكرابێت لەبەر ئەوەی دوای كاتژمێر 12ی شەوی 21 لەسەر 22 فۆڕمی تۆماری خێزان دادەخرێت و هیچ خێزانێك تۆمارناكرێت دوای ئەو كاتە.
هەر راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا دوایین گۆڕانكارییەكانی ئەندامانی خێزان، بۆ نموونە هەبوونی لەدایكبوون یان مردن تۆماردەكرێن و ئەو خێزانانەش كە پێشتر تۆمارنەكراون تۆماردەكرێن و زانیارییە سەرەتاییەكانیان لێوەردەگیرێت.
باس لەوەش كراوە، پێویستە لەم ماوەیەدا كارتی نیشتیمانیی ئەندامانی خێزان، یان ناسنامەی باری كەسێتی و هاوڵاتیینامە بۆ ئەوانەی كارتی نیشتیمانییان نییە و كۆبۆنی خۆراكی خێزان بەردەست بێت، چونكە لەكاتی سەردانی بژمێر، بۆ تۆماری زانیارییەكان لێیان داوا دەكات.
دەشڵێت، ” هەر ئەندامێكی خێزان لە ماڵەوە نەبێ لەو رۆژانە بە شێویەكی كاتی بە هۆی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بەتایبەتی یان هەر هۆیەكی تر، پێویستە كارتی نیشتیمانییان كۆپیەكەی ئەو كەسە هەبێ تاوەكو كوو بنوسرێت لەگەڵ خێزانەكەی و دواقۆناغ لە 2024/11/22 بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ كارەكان بەردەوامدەبن و دیسان سەردانی خێزانەكان دەكرێتەوە بۆ مەبەستی تۆماركردنی زانیارییەكانی پرسیارنامەی سەرژمێری دوای سەردانی گشت خێزانەكان، كاری مەیدانیی سەرژمێری كۆتایی دێت.
دەستەی ئاماری هەرێم باسی لەوەش كردووە، زانیارییەكانی سەرژمێری نادرێت بە هیچ لایەنێك چ حكومی یان ناحكومی و بە پێی یاسا رێگاپێنەدراوە. بۆیە، هاوكاریی هاوڵاتییان بۆ تیمەكانی سەرژمێری سوودی بۆ خۆیان دەبێت بە پلەی یەكەم، چونكە لە ئەنجامدا حكومەت دەتوانێت زیاتر خزمەت بگەینێت بە پشتبەستن بە داتای ورد.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەبارەت بە سەرژمێری لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاماژە بە نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆكایەتیی دیوان ژ 5988 لە 14/11/2024، نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 34160 لە 14/11/2024 و فەرمانی وەزاریی وەزارەتی پەروەردە ژمارە 364 لە 14/11/2024، هەمان ئەم ڕێنوێنییە جێبەجێدەكرێت و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لەوێ سەرژمێری بكرێن.