سەرەڕای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە بە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 100 دۆلار دابەزی، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی تۆمارکردەوە.
بازرگانان چاوەڕوانی بڕیاری بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا دەکەن لەبارەی رێژەی سوودەوە، ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەرزبووەوە و گەیشتەوە 2697 دۆلاری ئەمریکی.
ئەمەش لە کاتێکدا بوو دوێنێ تاوەکو 2668 دۆلار هەر ئۆنسەیەک دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
بازاڕەکان پێشبینی دەکەن بانکی فیدراڵی ئەمریکا رێژەی سوود بە رێژەی 25 خاڵ کەمبکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانی قسەکانی جێرۆم پاوڵ دەکرێت لە کاتژمێر 10:00ی ئەمشەودا.
لەلایەکی دیکەوە، داتا فەرمییەکان دەریانخستووە کە بانکی ناوەندی چین بۆ شەشەمین مانگ لەسەریەک خۆی لە کڕینی زێڕ بەدوورگرتووە بۆ بەرزکردنەوەی یەدەگەکانی لە مانگی تشرینی یەکەمدا.