شەوی رابردوو بەهۆی بارانبارینەوە بەشێک لەقەدپاڵی ئەو چیایەی دەکەوێتە بەردەم تونێلی دەربەندیخان داڕما و قائیمقامی شارەکەش دەڵێت، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە.
سڵێمان محەمەد قائیمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، شەوی رابردوو بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی هەرێمی گرتەوە، بەشێک لە قەدپاڵی ئەو چیایەی دەکەوێتە بەردەم تونێلی دەربەندیخان بە دیوی دەربەندیخاندا داڕما و بەهۆیەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک تونێلەکە داخرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، داڕمانەکە دوو جار روویدا، جاری یەکەم بەشێکی رێگاکەی داخست جاری دووەم بە تەواوی دایخست، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانمان توانرا لە ماوەیەکی کەمدا شەقامەکە پاک بکرێتەوە و هاتوچۆ ئاسایی ببێتەوە.
قائیمقامی دەربەندیخان وتیشی، ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە هەیە، بۆیە لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی لەسەر خەتین بۆئەوەی رێگای ئەندازیارەکانیانەوە ئەم کێشەیە بە تەواوی چارەسەربکەین.