عیماد ئەحمەد: سەرژمێریی، دەستكەوت یان بەڵا !؟

عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لە وتارێكیدا بەناونیشانی سەرژمێریی، دەستكەوت یان بەڵا !؟ دەڵێت، “بێگومان سەرژمێری گشتیی لە هەر دەوڵەت و قەوارەیەكدا پێویستە بۆ رێكخستنەوەی كاروباری ئیداری و زانینی باری ئابوریی و مرۆیی و دیموگرافی و ژمارەی دانیشتووان و پێكهاتە جیاوازەكانی وڵات و بە پێی سەرچاوەكان، لە دێر زەمانەوە و لە سەردەمی سۆمەرییەكانەوە سەرژمێریی كراوە بۆ زانینی ژمارەی لاوان و فراوانكردن و بەهێزكردنی لەشكرەكەیان و بۆ زانینی ژمارەی دەوڵەمەند و كاسبكار و پیشەوەر و جووتیار ،بە ئامانجی وەرگرتنی باج و زیادكردنی داھات و دەرامەتی خەزێنەی دەوڵەتەكەیان”.

باسی لەوەش كردووە لە عێراقی ژێردەستی ئینگلیز لە ساڵی (1927) یەكەم سەرژمێریی سەرەتایی بەشێوەیەكی كرچوكاڵ ئەنجام دراوە، بەهۆی هەڵەی زۆرەوە، دەرئەنجامەكەی لە لایەن حكومەتەوە كاری پێنەكراوە.

ئاشكراشیكرد، لە ساڵی (1934)سەرژمێرییەكی تایبەت بۆ ئەو كەسانەی دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بكەن یان ئەوانەی دەتوانن ببن بە سەرباز لە عێراقدا كراوە. هەروەها لە ساڵی (1947) بەشێوەیەكی باشتر و بەئامرازی پێشكەوتوو بە بەراورد بەو رۆژگارە، سەرژمێریی لە سەرتاسەری عێراقدا ئەنجامدراوە و بریاریش وابووە هەر ( 10) ساڵ جارێك سەرژمێریی ئەنجامبدرێت و لە ساڵی (1957) سەرژمێرییەكی جیاواز لە ئەوانەی دیكە ئەنجامدراوە، ئەمەش تا ئەمڕۆ بووتە سەرچاوەیەكی سەرەكی لە وڵاتدا و پشتی پێبەستراوە.

عیماد ئەحمەد دەشڵێت، “دوا سەرژمێریی لە عێراقدا ساڵی (1997) بوو، رژێمی بەعس ئەنجامیداوە بەبێ بەشداریی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بووە مایەی شكست و سەرنەكەوتنی لە ئاستی دەرەوە و ناوەوەدا و دوای رووخاندنی رژێمی سەدام و دروستبوونی عێراقی فیدراڵ، چەند جارێك هەوڵی سەرژمێریی سەرتاسەریی دراوە لەلایەن كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، بەڵام بەهۆی باری نائاسایی و ھەبوونی ململانێ سیاسی و نەبوونی بودجە و پەتای كورۆناوە دواخراوە”.

راشیگەیاند، ئێستا كابینەی محەمەد شیاع سودانی بۆ مەرامی شاراوەی سەرۆك وەزیران، دەیەوێت سەرژمێریی سەرتاسەریی لە(20 – 21)ی مانگی یانزەی ئەم ساڵ لە عێراقی فیدراڵدا ئەنجامبدات كە بێگومان بەھیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا نییە، بەتایبەتی لە دۆخی نالەباری ناوچە كوردستانییە كێشە لەسەرەكان و بۆیە پێویستە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان لە ئاستی لێپرسراوێتی مێژوویی خۆیدا بێت و بەدەستە جەمعی دوور لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی تایبەت و حزبی، هەوڵی چارەسەركردنی ئاشتییانەی بدات و كورد لە گۆڵمەزێكی تر رزگاربكات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی سیاسەتی نادروست و هەڵەی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و غیابی رەوانشاد مام جەلال لە سەر گۆڕەپانەكە و بێباكی و فرسەت تەلەبی هەندێ لایەنی سیاسی لە عێراقی فیدراڵدا، تەرازووی هێز گۆراوە بەشێوەیەك هەرێم كەم دەسەڵات و ناوەند پردەسەڵاتە، شەریكایەتی دەستووریش لەئەرزی واقیعدا گۆڕدراوە بۆ شەراكەتی نێوان دوولایەنی نا هاوتا، لە ھەمانكاتدا هەرێمی كوردستان گیرۆدەی قەیرانی ئابوریی و سیاسی خەتەرناك بووەتەوە، وێڕای نەمانی متمانەی خەڵك بە دەسەڵات، حكومەتیش كاربەرێكەرە و پەرلەمانی نوێش دەسبەكار نەبووە و تەنانەت تای بانگەشەش لایەنەكانی بەرنەداوە، ئەوە سەرەڕای دابەشكاریی ناوخۆ و دەست تێوەردانی دەوروبەر، كەچی ئالەم بارودۆخە ئاڵۆز و خەتەرناكەی هەرێمدا، حكومەتی بەغداد دەیەویت لە ( 20 /11 / 2024) سەرژمێری گشتیی لەسەرتاسەری عێراقی فیدراڵدا ئەنجامبدات.

دەشڵێت، ” راستە سەرژمێریی گشتیی پێوستە بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك كێشە و دانانی ستراتیژ و پلانی ئاییندە بۆ هەر وڵاتێك بەڵام كەی و چۆن !؟.. ئایا لەم هەلومەرجەی ئیستادا لە قازانجی كوردە یان لە زەرەری ئێستا و ئاییندەمانە؟!”

باسی لەوەش كردووە، ئاشكرایە ناوچە كوردستانییە كێشەلەسەرەكان لە دوای شەڕی داعش و ( 16)ی ئۆكتۆبەرەوە تووشی دەیان كێشەی دیموگرافی و ئیداری و سیاسیی بوونەتەوە بەم سەرژمێرییە تووشی كارەساتی نیشتمانی و نەتەوەیی دەبنەوە چونكە زەمینەسازیی و خۆئامادەكردنی باش و تۆكمەی لەلایەن خۆمانەوە بۆ نەكراوە، بۆیە سەرژمێرییەكە دەبێتە تاپۆی رەشی عوسمانی لە دەستی نەیارەكانی كوردا و دەبێتە (عقب ئاخیل) بۆ ماددەی ( 140 )دەستوور و بۆ هەرێمی كوردستانیش دەبێتە بەڵایەك بۆ رێژەی كورد لەسەر ئاستی عێراق و رەنگدانەوەی نەرێنی لە داهات و موازەنەی ساڵانەی ناوەندیی عێراق و ژمارەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا دەبێت كە قەرەبووكردنەوەیان مەحاڵە.

جەختیشیكردووەتەوە كە راگرتنی ئەم سەرژمێرییە ئەركێكی ئێجگار گرنگ و چارەنووسسازە، بۆیە پێویستە بەپەلە و بێ دواكەوتن، هەموو لایەنە سیاسەكانی كورد بەبێ جیاوازیی، هەڵوێستی سیاسیان یەكبخەن و یەك دەنگ و یەك بڕیاربن بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و قورسایی خۆیان و دۆستەكانیان بخەنە گەڕ لە بەغداد چ لەناو پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی كۆمار و دادگای ئیتحادی و چ لەگەڵ مەرجەعییەت بە ئامانجی راگرتنی و دواخستنی پڕۆسەی سەرژمێریی بۆ كاتێكی تری گونجاو .

دەشڵێت، “بۆ ئەم مەبەستە پێشنیاز دەكەین ھەتا كارلەكار نەترازراوە، زووبەزوو وەفدی هونەریی و ئەكادیمیی لە هەرێمەوە سەردانی بەغداد بكات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم بوارە كۆببێتەوە و بۆچوونی ھەرێمی كوردستان بە روونی بگەیەنن و كەموكوڕیی و ئاسەوارە خراپەكانی پڕۆسەكە پێشوەختە بخەنەڕوو بۆئەوەی چارەسەرێكی پێكەوەیی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و دەشێت بێجگە لە وەفدی حكومی و وەفدی حزبی و وەفدی میللی و جۆربەجۆرتر بۆ هەمان مەبەست و بە مەبەستی رێگریی لەو پڕۆسە ناوختە سەردانی بەغدا بكەن، خۆ ئەگەر ئەمەش سەری نەگرت و بەغداد بە فرسەتی بزانێت ئەمری واقیعێكی دیكە بەسەر ھەرێمی كوردستاندا بسەپێنێت، ئەوا پێویستە هەرێم و تەواوی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە یەك دەنگ و بە یەك هەڵوێست بایكۆتی سەرژمێرییەكە بكەن و نەهێڵن ئەو پڕۆسەیە وەكو ئەمری واقیع سەركەوێت و سەربگرێت ھەر وەكو چۆن سەرژمێرییەكەی بەعس لەساڵی(1997) بەبێ ھەرێمی كوردستان تووشی شكستھات و لە كۆتایدا دەڵێم ؛ “اللهم انی قد بلغت اللهم فأشهد”

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆچی مایکەکەی دیداری مێری فڕێدا؟

بابەتی دواتر

زیانەكانی گوڵی پلاستیك بزانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share