تورکیا ئاو و کارەبا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبڕێت

ناوەندی وزە و گواستنەوەی سەر بە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکات، بەهۆی گدانەوەی ئاوی ڕوباری فوڕات لەلایەن تورکیاوە یەکێک لە تۆڕباینەکانی دروستکردنی کارەبا بۆ شارەکانی ڕۆژئاوا لە کار کەوتووە و ئەوەش بڕی پێدانی کارەبای کەمکردووەتەوە.

ناوەندەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، “بەهۆی گرتنەوەی ئاوی ڕوباری فوڕات لەلایەن تورکیاوە ئاستی ئاو لە بەنداوەکانی تشرین و تەبەقە گەیشتووەتە نزمترین ئاست و ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە هەم بۆ پێدانی ئاوی کشتوکاڵی و هەم بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا”.

ناوەندی وزە رایانگەیاند کە، گرتنەوەی ئاوی فورات لە لایەن تورکیاوە ماوەی شەش مانگە بەردەوامە و ئەمەش بوەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئەو بەربەستانە تا شەش مەتر بە ستوونی، بۆیە لەم کاتەدا تەنها وێسگەی بەرهەمهێنانی سویدی وەک ئەلتەرناتیڤێک لەبەردەسدایە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەموکوڕییە”.

لە ڕۆژئاوای دوو بەنداوی گەورە بەناوەکانی تەبەقە و تشرین هەیە کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیدایە، لەگەڵ ئەوەش تاکە سەرچاوەی ئاوی بەنداوەکان تەنها ڕوباری فوڕاتە کە لە وڵاتی تورکیاوە شۆڕ دەبێتەوە.

سوریا و تورکیا بەپێی ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا کە لە ساڵی 1987ەوە واژوو کراوە، لەسەر سەرچاوەکانی ئاو لە تورکیاوە بۆ سوریا نابێت بگیرێتەوە تا ئاستی 500 مەتر، بەڵام لەدوای داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا پەیوەست نییە بەو ڕێککەوتنەوە و ئێستا تا ئاستی 200 مەتریش ئاو لە بەنداوەکان دەگرێتەوە.

بابەتی پێشتر

توشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم 150 هەزار كەسی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی بەرهەم ساڵح لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share