شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی دەڵێت،”وا چاوەڕواندەكرێت شەپۆلێكی سەرتاسەری بەهێزی باران روو لە هەرێمی كوردستان بكات و ئەوەش بەهۆی باڵادەستبوونی پەستان بەرزی لە كۆتاییەكانی ئەم مانگە بۆ سەر خۆرئاوای ئەوروپا و بەشێكی تری ناوچەكانی ئەوروپا و گەڕانەوەی ئەو سیستمە بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی ئەوروپا وادەكات ڕێ بۆ هاتنی سیستمێكی تەڕوباراناویی بۆ ناوچەكانی هەرێم و دەوروبەری بكاتەوە”.
دەشڵێت، “پێشبینیدەكرێت لە كۆتایی ئەم مانگە و بە تایبەتی نێوان هەفتەی سەرەتای مانگی داهاتوو شەپۆلێكی سەرتاسەری و بەهێزی باران ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و سەرەتای شەپۆلەكە لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە بەدەركەوتنی هەوری بەرز بۆ مام ناوەند دەبێت لە ئاسمانی ناوچەكان و ئەگەر هەیە سەرەتا لە هەندێك شوێن باران بە شێوەی لاواز دەستپێبكات”.
باسی لەوەش كردووە، بەرەبەرە لەناو هەفتەی داهاتوو بەتایبەتی شەپۆلەكە بە تەواویی دەگات بۆ هەموو ناوچەكان و شەپۆلەكە حاڵەتێكی ناسەقامگیرە و سەرچاوەكەی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستە و ئەگەری زیادبوونی خێرایی با هەیە لەگەڵ تەرزە لە هەندێك شوێن و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچە جیاجیاكان هەیە و لە هەندێك شوێن لافاو دروستدەبێت”.