وەزارەتی پلاندانان: ساڵی 2040 ژمارەی دانیشتووانی هەرێم دەگاتە 9 ملیۆن كەس

بەپێی پێشبینییەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم تا ساڵی 2040 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بۆ نزیكەی 9 ملیۆن كەس بەرزدەبێتەوە.

بەپێی داتای دەستەی ئامار، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020دا نزیکەی 6.2 ملیۆن کەس بووە بەمجۆرە (هەولێر 2,254,422 كەس، سلێمانی 2,152,595، دهۆک 1,648,611 و هەڵەبجە 115,455) كە كۆی گشتیی دانیشتووان دەكاتە شەش ملیۆن و 171 هەزار و 83 كەس.

بەپێی پێشبینییەكان، ژمارەی دانیشتووانی تا ساڵی 2040 بەمجۆرە زیاددەكات، (هەولێر 3,232,154 كەس، سلێمانی 2,938,720، دهۆک 2,600,612 و هەڵەبجە 157,618 كەس)، بەوەش كۆی گشتیی دانیشتووانی هەرێم دەگاتە هەشت ملیۆن و 929 هەزار و 104 كەس.

هەر لە پێشبینییەكاندا هاتووە رێژەی زیادبوونی دانیشتووانی پارێزگاكان بەنزیكەیی بەمجۆرە دەبێت، (هەولێر 36.4%، سلێمانی 34%، دهۆک 27.9% و هەڵەبجە 1.8%).

دارا رەشید، وەزیری پلاندانان لە پێشەكیی راپۆرتێك لەو بارەیەوە نووسیویەتی، نەبوونی سەرژمێری لە عێراق لە 35 ساڵ، بووەتە هۆکاری نەبوونی وردەکارییەکانی نیشاندەرە گرنگە دیموگرافییەکان، ئەمەش کەلێنێکی گەورەی خستووەتە سەرچاوەی گرنگی داتاکانی پلانەکان.

وتیشی، “پێویستە دەزگاکانی ئاماری وڵات رێگەی دیکەی زانستی بگرنەبەر بۆ دابینکردنی ئەو داتایانە بە بەکارهێنانی شێوازەکانی تایبەت بە خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتووان، کە لە رێگەی چەندین پرۆگرامی تایبەت دەکرێت، تاوەکو داتای پێویست بخەنە بەردەست وەزارەتەکانی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانن لە دانانی پلان و سیاسەتەکانی ساڵانەیاندا سوودیان لێ وەربگرن”.

راپۆرتەكەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لەكاتێكدایە، بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی داهاتوو سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە سەرتاسەری عێراق بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجامبدرێت.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

بڕیارێكی نوێ لەبارەی وانەبێژانەوە دەرچوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share