مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە.
كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ لە بارەگای نوێی مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی بەرێوەچوو، تاوتوێی دەرئەنجامەكانی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد كە 20ی ئەم مانگە لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
مەكتەبی سیاسی وێڕای پیرۆزبایی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەبۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و بە پیرەوەچوونی بەرچاویان لە پڕۆسەی دەنگدان، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەڤاڵانی یەكێتی و كاندیدە تێكۆشەرەكان و جەماوەری وەفاداری حزبی شەهیدان كرد كە سەروەریی گەورەیان لە دوو هێندەكردنی دەنگەكانی یەكێتی تۆماركرد و بە كەمپینی پڕ جۆش و خرۆشیان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ توانییان پەیامی راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و دروستكردنی هاوسەنگیی هێز بەرجەستە بكەن و راستگۆیی گوتاری راست و رەوای یەكێتییەكەیان دووپاتبكەنەوە كە هەر ئەم پەیامەش نەخشەڕێی سیاسەتی داهاتووی یەكێتیی دەبێت لە نوێكردنەوەی دیموكراتییانە و دادپەروەرانەی پڕۆسەی سیاسی و سیستمی حكومڕانی لە سەرجەم بوارەكان كە هەمووشیان لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكەكەمان دەبێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پڕۆسەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەكان، لەهەمانكاتدا هەڤاڵان و دامەزراوەكانی یەكێتی راسپارد بە هەمان گیانی بەرزی یەكێتییانەوە، لە ئێستاوە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بكرێت و سەركەوتنەكانی حزبەكەیان لە پڕۆسەكانی دیموكراتی لە كەركوك و لە هەرێمی كوردستان، بە سەركەوتنی گەورەتر لە عێراق پتەو و تۆكمە بكەن.