بەپێی شرۆڤەی تۆڕی میدیایی ئێستا دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی چاوەڕواندەكرا، دواجار پارتی تووشی شڵەژان و شۆكێكی گەورە بوو، بەڵام لە رێگای مەكینەكانی راگەیاندنی حزبەكەیەوە بە جۆرێك كاردەكات كە دەیانەوێت ئەو كەوتنە گەورەیەی پارتی بشارنەوە و وێنەكەكان وەك خۆی نیشان نەدەن.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە كەمكردنی كورسییەكانی خۆسەپێنی پارتی، ئەو 11 كورسییەی كە پارتی هەمیشە بۆ یەكلایكردنەوەی بڕیارەكانی بەكاریدەهێنان دەبێتە سەرچاوەی یەكەم گۆڕانكاریی هێز لە هەرێمی كوردستان و پارتی بەرەو هێڵی ملدان و خۆچەماندن و رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی و حزبەكانی دیكە دەبات.
بێگومان وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر ئاسانە، پارتی لە خولی پێنجەمدا خاوەنی 45 كورسی و 11 كورسیی كۆتا بووە، كە دەكاتە 56 كورسی و زۆرجار بە گرێبەستی سیاسی و بە ئامانجی دەستكەوتی بازرگانی و ماددی لەگەڵ نەوەی نوێ و هەندێك لایەنی دیكەدا دەیتووانی بە رەهایی دەسەڵاتی خۆسەپێنیی خۆی بكات، هەرچی بووێت تێیپەڕێنێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی بەم خۆسەپێنی دێت، چونكە پارتی دەبێتە خاوەنی 39 كورسی و لە هەمانكاتدا 11 كورسیی كۆتاكانی لەدەستدا، بۆیە هیچ هاوپەیمانێتیەك و رێككەوتنێكی سیاسی و بازرگانی نایگەیەنێتە سیستمی خۆسەپێنی.
لە بەرامبەردا یەكێتی سەرەڕای ئەوەی كە دووجار تووشی ترازان بووە و دوو حزبی لێجیابووەتەوە، دەنگەكانی 205 هەزار دەنگ زیادیكردووە، لە هەمانكاتدا كورسییەكانیشی زیادیكردووە و 23 بۆ 24 كورسی بەدەستهێناوە و خاوەنی یەك وتاری سیاسییە بە رابەڕایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی.