ئاوارەكانی كامپێكی پەنابەران لە یۆنان داوای بە هاناوەچوون دەكەن و دەڵێن، “خەریكە لە سەرمادا ڕەق دەبینەوە”، ڕێكخراوێكی كوردیش ئاشكرای دەكات، دۆخی ئاوارەكانی یۆنان “خراپە”.
گروپێكی نێو كامپی مۆریا لە یۆنان كە تایبەتە بە پەنابەران، ئەمڕۆ شەممە 16ی كانونی دووەم لە پەیجی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك ڕایگەیاندووە، “منداڵەكان لە سەرمادا دەگرین و لێویان سوور هەڵگەڕاوە”.
ئەو گروپە كە بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی خەڵكی نێو كامپەكە دروستبووە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، “سەرجەم جلوبەرگەكانمان لەبەر كردووە بەڵام سوودی نییە و خەریكە ڕەق دەبینەوە، هیچ گەرمكەرەوەیەك نییە و دارەكانیش تەڕن و ئاگر ناگرن، سێ ڕۆژیش ئەم سەرمایە بەردەوام دەبێت”.
بەداخەوە پەنابەرانی سەرجەم كامپەكانی یۆنان لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان
لای خۆیەوە، ئاری جەلال، سەرۆكی ڕێكخراوی لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەداخەوە پەنابەرانی سەرجەم كامپەكانی یۆنان كە ژمارەیان زۆرە، لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان و حكومەتی ئەو وڵاتە دەرەقەتی بارودۆخەكە نایات”.
ئاری جەلال ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت یەكێتیی ئەوروپاش كەمتەرخەمە لەو ڕووەوە و چارەسەر بۆ دۆخەكە نادۆزێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرۆكی ڕێكخراوی لوتكە ئاشكرای كرد، زۆرینەی نێو كامپەكانی یۆنان هاوڵاتیی سوری و عێراقین و “لە دۆخێكی زۆر خراپدان”.
“دوو جۆر هاوڵاتی لەو كامپانەدا هەن، بەشێكیان ئەوانەن كە داوای مافی پەنابەرێتیان كردووە لە خودی یۆنان، بەشێكی دیكەشیان چاوەڕوانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپان بیانبەن”، وەك ئاری جەلال ئاماژەی پێكرد.
وتیشی، “پرۆسەی وەرگرتنی مافی پەنابەر و بردنیان بۆ وڵاتانی دیكەی یەكێتیی ئەوروپا زۆر سست و خاوە و تەنانەت زۆریش كەمە”.
بەگوێرەی ئامارێكی ڕێكخراوی لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، لەماوە پێنج ساڵی ڕابردوودا (ساڵی 2015 بۆ 2020) لە هەرێمی كوردستان و عێراقەوە 596 هەزار و 273 كەس كە تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵەوەیە كۆچیان كردووە.
لەو ژمارەیەش، 251 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و 173 كەسیش بێسەروشوێن بوون.