تۆڕى شەمس: پرۆسەی دەنگدانى تایبەت سەرکەوتوو بوو

رێكخەری تۆڕێكی بواری چاودێریی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت بە سەركەوتوو ناودەبات و دەڵێت، ئەوەی پێشبینی دەكرا رووینەدا.

هۆگر چەتۆ، رێکخەرى تۆڕى شەمس بۆ چاودێریى هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەتدا پێشبینى ئەوە دەکرا کێشە بۆ بەشێکى زۆر لە دەنگدەران دروستبێت، بەهۆى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر لەلایەن ئامێرەکانەوە، بەڵام پرۆسەکە گرفتى بۆ دروستنەبوو.

وتیشی، “پێشتر رەشبینی و دەنگۆ زۆر بوو لەبارەی ژمارەی ئەوانەی پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، راستە حاڵەت هەبوون و لەلایەن تۆڕەكانیانەوە تۆماركراون، بەڵام بەو قەبارە گەورەیە نەبوو، لەنێو هەزار و 200 دەنگدەر پێنج یان شەش تا 10 حاڵەت هەبووە، ئەوەش ژمارەیەكی گەورە پێكناهێنێت”.

هۆگر چەتۆ باسی لەوەشكرد، هەروەها بەهۆی توندی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن پێشبینیی روودانی پێكدادان و كێشەی گەورە و ناخۆشی لە دەنگداندا دەكرا، راستە هەندێك حاڵەت روویداوە لەنێوان دەنگدەر و كارمەندی كۆمسیۆن یان لەنێوان بریكاری لایەنەكاندا، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پرۆسەکە بە ئارامى بەڕێوەچوو.

ئەوەشی وت، “حاڵەتی زۆر زۆر نەخوازراو لەڕووی توندوتیژییەوە بەڕێوەنەچوو، هەندێك حاڵەت نەبێت كە تۆماركران و بڵاوبوونەتەوە”.

دوێنێ هەینی 18ی تشرینی یەكەم دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، بڕیار سبەینێ یەكشەممە 20ی تشرینی یەكەم دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت.

لەم هەڵبژاردنەدا دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، كە 215 هەزار و 960یان دەنگدەری تایبەتن و دوێنێ پرۆسەكەی بەڕێوەچوو، سبەینێش دەرگای ناوەندەكانی دەنگدان بەڕووی دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 كەسدا دەكرێتەوە.

لەم دوو رۆژەی دەنگداندا، دەنگدەرانی هەرێم كاندیدان بۆ 100 كورسیی پەرلەمانی داهاتووی هەرێم یەكلادەكەنەوە.

بۆ یەكەمجارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە فرە بازنەیی و دابەشكراو بەسەر پارێزگاكاندا بەڕێوەدەچێت و ژمارەی كورسیی پارێزگاكان بەمجۆرەیە، (سلێمانی 38 كورسی، هەولێر 34، دهۆك 25 و هەڵەبجە 3 كورسی”).

 

بابەتی پێشتر

ئاژانسەکان: ماڵی ناتـ.ـانیاهـ.ـۆ بە ئامانجگیرا

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی لەبارەی چارەسەری کێشەی مووچەوە دەدوێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تونێلی پێشڕەو دادەخرێت

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، بۆ ماوەی چوار شەو تونێلی پێشڕەو دادەخەن. لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانیدا هاتووە، تونێلی…
Total
0
Share