وەزارەتی دارایی: پێنجشەممە خشتەی مووچەی مانگی ئەیلول رادەگەیەندرێت

وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، “سبەی پێنجشەممە خشتەی مووچەی مانگی ئەیلول رادەگەیەندرێت”.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ماوەی سێ هەفتەیە وەفدێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم لیستی مووچە و خەرجكردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگەكانی رابردوو راگیرابوون لە شاری بەغدادن و چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگەكانی بوودجە و ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ئەنجامدراوە و بەشی زۆری كێشەكانی لیستی مووچەیان چارەسەركردووە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، رۆژی چوارشەممە بڕی 109 ملیار و 663 ملیۆن و 329 هەزار دینار وەك شایستەی راگیراوی مووچەی مانگەكانی ئایار، حوزەیران، تەمموز و ئاب و ئەیلولی وەزارەتی كارەبا و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە یەكچوو بوو لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان كێشەی تێدابوو خەرجكرا.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، وەفدی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە بەغداد دەمێنێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو مووچە راگیراوانەی تر كە بریتییە لە مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كە لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمن و لە كەركوك و ناوچەدابڕاوەكان دەوام دەكەن، بەشێك لەدەرماڵە و سەرەمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران تا لە نزیكترینكاتدا ئەو شایستانەش خەرجبكرێن.

وەزارەتی دارایی باسی لەوەش كردووە، بابەتی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی كە حكومەتی هەرێم لە مانگی تەمموزەوە بڕیاری هاوتاكردنی مووچەكەیانی جێبەجێكردووە، بەڵام تا وەكو ئێستا وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق تەموویلی هاوتاكردنەكەی خەرجنەكردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕی ئەو پارەیەی لەئێستادا لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیكەی 800 ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئەیلول نزیكەی 997 ملیار دینارە.

جەختیشیكردووەتەوە، سبەی پێنجشەممە خشتەی مووچەی مانگی ئەیلول رادەگەیەندرێت و وەفدی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق لە هەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە راگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو.

بابەتی پێشتر

ژمارەیەك تیرۆریست لە سنووری ناوشوان دەبینرێن

بابەتی دواتر

جەبار گۆران: مووچە تەوتین بكرێت مووچەخۆران لە وەرگرتنی چەند قەرزێك سوودمەند دەبن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share