كۆمسیۆن: لە سێ سەرچاوەوە كارەبا بۆ ناوەند و ئامێرەكانی دەنگدان دابیندەكرێت

وتەبێژی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەكانی هەرێم رایدەگەیەنێت، بۆ زامنكردنی كارەبا بۆ ناوەند و ئامێرەكانی دەنگدان سێ رێوشوێنیان گرتووەتەبەر.

ئەیسەر یاسین، وتەبێژی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەگەڵ لیژنەی باڵای سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكان كە نوێنەری وەزارەتی كارەبا و پارێزگاكان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تیادایە رێككەوتوین بۆ رۆژەكانی دەنگدان كارەبای 24 كاتژمێریی نیشتمانی دابینبكرێت.

وتیشی، “سەرەڕای ئەوەش زۆرینەی ناوەندەكانی دەنگدان هێڵی مۆلیدەیان هەیە و، لە ئەگەری پچڕانی كارەبای نیشتمانی پشتیان پێدەبەسترێت بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ ناوەندەكانی دەنگدان و ئامێرە كارپێكراوەكان”.

ئەیسەر یاسین ئەوەشی روونكردەوە، جیا لەوانەش ئامێرەكانی پەیوەست بە پرۆسەكە پاتریی خۆیان هەیە، كە بارگاویكردنەوەكەی بەرگەی 24 كاتژمێر و زیاتریش دەكات.

سەبارەت بە رێوشوێنەكانی دیكەی كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی دەنگدان، وتەبێژی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، لەئێستادا لە كۆگاكانین بەمەبەستی گەیاندنی كەلوپەلەكانی دەنگدان بە ناوەندەكانی دەنگدان و ئامادەكارییە پێویستەكان بۆ هەردوو رۆژی دەنگدان لە 18ی ئەم مانگە تایبەت بە دەنگدانی تایبەت و 20ی مانگی دەنگدانی گشتی.

بڕیارە رۆژی هەینی 18ی تشرینی یەكەم دەنگدانی تایبەت و یەكشەممەی داهاتوو 20ی تشرینی یەكەم دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی 100 كورسیی پەرلەمانی داهاتووی هەرێم.

هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشێوەی فرەبازنە بەپێی پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوەدەچێت.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی: هەر کەسێک ئاسنی پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن ببات بە دزی هەژماردەکرێت

بابەتی دواتر

لەبەرئەم هۆکارە مۆبایل لە نزیک جێگای نووستنەکەت دامەنێ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share