بافڵ جەلال تاڵەبانی: هاتووین لەم رژێمە پۆلیسییە رزگارتان بكەین

سەرۆكی یەكێتی لە كەرنەڤاڵی یەكێتی جۆش و خرۆشی لایەنگرانی حزبەكەی لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بە هۆكاری “تۆقین”ی پارتی ناوبرد و رایگەیاند، هاتووین رزگارتان بكەین لەم رژێمە پۆلیسییە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ لەمیانەی شەشەمین كەرنەڤاڵی لیستی 129 لە دهۆك وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، زۆر زۆر زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەم، پەیامی من ئەمڕۆ بۆ دهۆك و بادینان و ئەو ناوچانەیە كە غەدرلێكراون.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەشێكی زۆری وتارەكەی بە شێوەزاری بادینی پێشكەشكرد و وتی ئەمڕۆ دەتوانن بەمن پێبكەنن، چونكە “زاب خودێ ئەز دی خەلەتێ كەم، ببادینی دئاخفم”.

“نەیارێ مە تۆقیوە” بەشێكی دیكەی وتەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو بە بادینی و راشیگەیاند، وەك یەكێتی، ئەویش وەكو برایەك، هاتوونەتە دهۆك و بادینان تا “ئەو رژێمە دیكتاتۆرە دەربكەین”.

سەرۆكی یەكێتی نەیارەكانی حزبەكەی بە “ترساو و تۆقیو” ناوبرد و وتی، “ئەزانی لە چی ترساون، لە ئێوە ترساون، لەوەی بینویانە لە سلێمانی، لە راپەڕین، لەو شوێنانەی ئێمە گەڕاوین، كە شۆڕشێكە” و دووپاتیكردەوە، “هاتووین ئێوە رزگاربكەین لەم رژێمە پۆلیسییە”.

ئەوەشی خستەڕوو، پارتی باسی یەكڕیزیی كوردستان دەكەن، پەح پەح، زاب خودێ ئەوەی نایزانن یەكڕیزی و كوردستانە. چوارسەد گوندمان چۆڵە، لەبەر ئەو بەزمەی لەگەڵ داگیركەران دەیكەن. رۆژ بە رۆژ خاك بە داگیركەران دەفرۆشن و، پرسیاری كرد “ئەمەیە كوردایەتی؟”.

هەروەك باسی لە گفتوگۆیەكی خۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی كرد و روونیكردەوە، بە كاك مەسعودم وت، یەك داواكاریم لێت هەیە، وتم لەگەڵ هاوڕێی من، هەڤاڵ مەزڵــ.ــوم دابنیشە، ئامانجی من ئەوەبوو، ئەو كارەساتەی ئەمڕۆ روویدا، روونەدات، بەڵام راوێژكارەكانی مەسعود بارزانی كورتبینن، نازانن چی روودەدات لە دونیادا.

سەبارەت بەوەی چی بۆ دهۆك كراوە سەرۆكی یەكێتی وتی، چییان كردووە، مام جەلال دهۆكی كرد بە پارێزگا، زانكۆی دهۆك كاك كۆسرەت كردییەوە.

جەختیشیكردەوە، یەكێتی دەتوانێت ئەم زوڵم رابگرێت. دوو ساڵ پێشتر وتم ئەم دەسەڵاتە دەوەستێنم، توخوا وەستانم یان نا؟ لە بەغداد، لە كەركوك، لە دادگا شەڕمان كرد و ئێمە بردمانەوە. هەموو دنیایان هێنایە سەرخەت، پێموتن پارێزگاری كەركوك نابینن. پارێزگاری كەركوك، ئێمەی كورد، ئێمەی یەكێتی داماننا.

لە كۆتایشیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە خەڵكی بادینان كرد، بڕۆن دەنگ كۆبكەنەوە و دەنگ بدەن بەو تاكە حیزبەی دەتوانێت پێیان بڵێت ستۆپ. بیانێرنەوە بۆ ماڵەوە، لۆ مارێ.

بابەتی پێشتر

بانگەوازێكی بەپەلە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە

بابەتی دواتر

پارێزگاری سلێمانی داوایەك ئاراستەی هاوڵاتییان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share