لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایدەگەیەنێت، هونەر لەژێر حکومڕانیی هێزێکی پۆلیسیدا نەک هەر گەشەناکات، بەڵکو بەلاڕێشدا دەبرێت و دەشڵێت، هێزێک بتوانێت چالاکوانێک بە یاسای تیرۆر سزابدات، دەتوانێت پاساو بۆ زیندانیکردنی هونەرمەندێکیش بدۆزێتەوە.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، هونەر خۆراکی روحی کۆمەڵگایە و کۆڵەیەکی سەرەکیی پاراستنی گیانی هەر نەتەوە و نیشتمانێکە. وتیشی، “هونەر بۆ ئەوەی گەشەبکات پێویستی بە ئازادی هەیە و، لە کوردستانیش چ لە رابردوو و چ لە ئێستادا و داهاتووشدا تەنها هێزێک کە پارێزەر و دابینکەری ئازادییە لەسەرجەم بوارەکاندا، هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە”.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد کە هونەر لەژێر حکومڕانیی هێزێکی پۆلیسیدا نەک هەر گەشەناکات، بەڵکو بەلاڕێشدا دەبرێت و کاری چەوت و چەواشە بە نرخی هونەر بە کۆمەڵگاش دەفرۆشنەوە.
ئەو وتانەی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ بازنەی هونەرمەندانی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت لە داهاتووشدا پارێزەر و دابینکەری ئازادی بێت بۆ هونەرمەندان و هەموو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا و هەرگیزیش سازش لەسەر بەرتەسککردنەوەی ئازادی ناکات.
باوەڕمەند بوون بە ئازادی بۆ یەکێتی تا ئەو ئاستە گرنگە کە نەک لە ئازادی ناترسێت بەڵکو شانازی بەوەوە دەکات لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا خەڵک ئازادن دژایەتی یەکێتی بکەن، شانازی دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا هێزی ئۆپۆزسیۆن سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات و میدیای ئازاد سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال وای وت.
راشیگەیاند، یەکێتی پلانی هەیە کە لەلایەكەوە ئازادی بۆ هونەرمەندان دابین بکات و دژی هەر هێزێک دەوەستێتەوە کە هەوڵی بەرتەسککردنەوەی سنوری ئازادی بدات و دەسەڵاتی پۆلیسی بسەپێنێت. لەلایەکی دیکەشەوە بە هەموو تواناوە هەوڵدەدات پشتیوانیی هونەرمەندان بێت و بە تایبەتیش هونەری رەسەن و باڵا لە کوردستان گەشە پێ بدات.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد، هونەرمەندان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا پشتگیری لە یەکێتی بکەن، چونکە بەس یەکێتی دەتوانێت و باوەڕیشی بەوە هەیە کە دەبێت پارێزەری ئازادی بۆ هونەرمەندان و رەخنەگران بێت. هۆشداریشیدا هێزێک بتوانێت رۆژنامەنووس و چالاکوانێک بە یاسای تیرۆر سزابدات، دەشتوانێت و باکی نییە سبەی پاساو بۆ زیندانیکردن و سزادانی هونەرمەندێکیش بدۆزێتەوە.