کەمخەویی شەوێک کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت بۆ ماوەی دوو هەفتە

ئەنجامی توێژینەوەیەک دەریدەخات کە کەمخەویی شەوێک کاریگەری لەسەر مێشک بۆ ماوەی دوو هەفتە بەجێدەهێڵێت.

توێژەران ئاشکرایان کردووە، مێشکی مرۆڤ بە دەستبەجێ وەڵامی کردارەکانی رۆژانە ناداتەوە، بەڵکو بە تێپەڕبوونی کات وەڵامدەداتەوە.

دەشڵێن، ئەوە بەو واتایە دێت کە تێکچوونی خەوی شەوێک لە هەفتەی رابردوودا دەتوانێت کاریگەری لەسەر سەرنج و زانین و بیرەوەریت هەبێت بۆ دوو هەفتەی داهاتوو.

لە چوارچێوەی توێژینەوە درێژخایەنەکەدا، زاناکان بە بەکارهێنانی سکان و داتای ئامێر و مۆبایلە زیرەکەکان بۆ ماوەی پێنج مانگ بەدواداچوونیان بۆ مێشک و هەڵسوکەوتی کەسێک کردووە.

بۆیان دەرکەوتووە کە کەمخەوی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەو خانانەی مێشک هەبێت کە پەیوەستن بە سەرنجدان و یادەوەرییەوە بۆ ماوەی 15 رۆژ.

توێژینەوەکە دەریخستووە کە وەرزشکردن کاریگەریی ئەرێنی بەردەوامی لەسەر شێوازی کارلێکی ناوچەکانی مێشک هەبووە، واتە دەتوانێت یادەوەری و زانین بۆ ماوەی دوو هەفتە بەرزبکاتەوە.

تیمەکە باسیان لەوە کردووە کە کەمخەویی تەنانەت گۆڕانکاریی زۆر ورد لە باری دەرونی و لێدانی دڵیشدا دەکات کە تاوەکو 15 رۆژ بەردەوامدەبێت.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری پلۆس بایۆلۆجی بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن توێژەرانی زانکۆی ئاڵتۆ و ئۆلۆوە ئەنجامدراوە کە هەردووکیان لە وڵاتی فینلەندان.

تیمی توێژینەوەکە نووسیویانە، “کوالێتیی خەو کاریگەری لەسەر ئاستی چالاکی جەستەیی و سروشتی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە”.

ئەوەش دەڵێن، توێژینەوەکەیان نائاساییە، چونکە کەم توێژینەوەی مێشک هەیە چادێریی ورد بە درێژایی چەند رۆژ و هەفتەیەک لەخۆبگرێت.

 

 

بابەتی پێشتر

بومەلەرزەیەک لە سلێمانی روویدا

بابەتی دواتر

کۆمسیۆن داوایەک لە لایەنە سیاسییەکان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share