لە درێژەی چالاكییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتی لە ئیدارەی راپەڕین، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە دوو كۆبوونەوەی جیاوازدا لەگەڵ جەماوەری ناحیەكانی سەنگەسەر و ژاراوە و گوندەكانی دەوروبەریان كۆبووەوە.
قوباد تاڵەبانی لە هەردوو كۆبوونەوە جەماوەرییەكەدا ئاماژەی بەوەدا، پارتی هیچ كاتێك وەك ئێستا لە دۆخێكی ئاڵۆز و شڵەژاودا نەبووە، ترسێكی وەها گەورەیان لێ نیشتووە كە دەزانن وەك رابردوو ساختەكارییان بۆ ناچێتەسەر، پەنایان بردووەتەبەر زیرەكیی دەستكرد و دەنگی بەندە و سەرۆك بافڵیان بەشێوەیەكی سەقەت دروست كردووە تا بە خەیاڵی خۆیان پاشەكشە بە یەكێتی بكەن.
وتیشی، “ئەم هەوڵانە هەمووی لە ترس و دڵەڕاوكێی دۆڕانەوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە دەزانن ئەم یەكێتییەی ئێستا، یەكێتییەكەی پێش سێ ساڵ نییە، بەڵكو یەكێتییەكی بەهێز كە هیوای بۆ خەڵك گەڕاندووەتەوە و وزە و ئیرادەیەكی بەهێزیشی بە كۆمەڵانی خەڵك بەخشیووە بۆ گۆڕینی شێوازی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان”.
لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال جەختیشیكردەوە لایەنێك بیەوێت حكومڕانی باش بكات، تەكنەلۆژیا و زیرەكيی دەستكرد بۆ حكومڕانییەكی باش بەكاردەهێنێت نەك بۆ تێكدانی پڕۆسەیەكی دیموكراسی وەك هەڵبژاردن.
وتیشی، “ئێمەی یەكێتی وەكچۆن پێشتر لە چەندین پڕۆژەی وەك بایۆمەتری و سیستمی یەكپەنجەرە تەكنەلۆژیمان بۆ چاكسازی لە حكومڕانی و ئیدارەداندا بەكارهێناوە، لەمەودواش تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد بۆ راستكردنەوەی حكومڕانی و كاراكردنی دامودەزگاكانی حكومڕانی بەكاردەهێنین”.
قوباد تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا رایگەیاند، درۆ و بوختان و هەوڵی تێكدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن فریای نەیارەكانمان ناكەوێت، هەر حزبێك بیەوێت بەهێزبێت دەبێت وەك یەكێتی فێربێت كە چۆن خۆی رێكبخاتەوە و هێز و وزەی سەركەوتن لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وەربگرێت”.