راگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “چاوەڕوانین لەنزیکترین کاتدا گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خەرج بکرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکەین”.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای سەردانی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، لەدوو هەفتەی رابردوودا بۆ شاری بەغداد و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی زۆری کێشە تەکنیکیەکانی لیستی مووچە چارەسەر کرا و بڕیاردرا بەخەرجکردنی هەموو ئەو لێبڕینانەی لەلیستی مووچەی مانگەکانی رابردوو راگیرابوون.

باسی لەوەشکردووە، رۆژی دوو شەممە 7ی تشرینی دووەم،  بڕی (329،392،000،000) سێسەد و بیست و نۆ ملیار و سێسەد و نەوەد و دوو ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕی تەمویلی ماوە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوای پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب بریتییە لە ( 361،000،000،000 ) سێسەد و شەست و یەک ملیار دینار و ئێستا کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول بریتییە لە ( 690،392،000،000 ) شەش سەد و نەوەد ملیار و سێ سەدو نەوەدو دوو ملیۆن دینار بەوەش نزیکەی( 305،000،000،000) سێسەد و پێنج ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە،  لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێکتێگەیشتنانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان دراوە لەم چەند رۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت کە لە مووچەی مانگەکانی رابردوو بڕدرابوو، تا بتوانرێت کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕ بکرێتەوە.

ئەوەش هاتووە، لەمانگی تەمووزەوە کە مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای عێراق کراوە، ئەو تەمویلەی کە بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەکەی مانگانە نزیکەی ( 45،000،000،000) چل و پێنج ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغداد و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تەمویلێک بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان خەرج نەکراوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، زیاتر لە مانگێکە نووسراوی گواستنەوەی پارە لە بڕگەی تەرخانکراوی خەرجی بەکاربردنەوە بۆ بڕگەی تەرخانکراوی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەنشین لەپشکی هەرێمی کوردستان لەوەزارەتی دارایی عێراقە تا بتوانرێت تەرخانکراوی دارایی بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەستەبەر بکرێت، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کاری لەسەر نەکراوە.

بابەتی پێشتر

چی لەبارەی ژیریی دەستكردەوە دەزانیت؟

بابەتی دواتر

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق: وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی ساڵی 2025 کرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رێگایەک دادەخرێت

هاتوچۆی گەرمیان، هاوڵاتییان لە داخستنی رێگایەک ئاگاداردەکاتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەکەینەوە سبەینێ…
Total
0
Share