قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال لە چوارچێوەی كەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتی، هەردوو ناحیەی هێرۆ و هەڵشۆ و گوندەكانی دەوروبەری لە سنووری پشدەر بەسەركردەوە و لەگەڵ دانیشتووانی هەردوو ناحییەكە كۆبووەوە.
لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ دانیشتووانی ناحییەكانی هێرۆ و هەڵشۆ، قوباد تاڵەبانی باسی لە جیاوازیی هەڵبژاردنەكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستانی كرد و رایگەیاند، “لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری ناكرێت و هیچ لایەنێك ناتوانێت بە ساختەكردنی دەنگی مردوو و خەڵكی ئاوارەوە هەوڵی بردنەوەی هەڵبژاردن بدات”.
لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال باسی لە دۆخی یەكێتیشی كرد و ئاماژەی بەوەدا یەكێتی لە سەردەمی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانیدا، زۆر جیاوازە لە چەند ساڵ لەمەوبەر و ئێستا یەكێتی یەك دەنگ و یەك بڕیارە و سەرۆكی یەكێتیش بەوە ناسراوە كە خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و هەر بەڵێنێك بدات، جێبەجێی دەكات.
وتیشی، “وەكچۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، بەڵێنی بە كەركوكییەكان دا كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنێت و پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك دادەنێت و جێبەجێی كرد، وەك چۆن لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا چەندین بەڵێنی دیكەی جێبەجێ كردووە و هاوسەنگیی هێزی گەڕاندەوە، ئەمجارەش بەڵێنەكەی سەبارەت بە راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی لە هەرێم جێبەجێدەكات، هەربۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان بە دەنگدان بە یەكێتی پشتگیریی سەرۆك بافڵ بكەن بۆ گۆڕینی شێوازی حكومڕانی.
قوباد تاڵەبانی روونیشیكردەوە كە ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێكی گەورەیە بۆ گۆڕانكاری لە هەرێمی كوردستان و جگە لە یەكێتی، هیچ لایەنێكی دیكە ئەگەر تەنانەت خواستی گۆڕانكاریشیان هەبێت، كەرەستەی پێویستیان نییە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە شێوازی حكومڕانی لە كوردستان، هەربۆیە سەرخستنی یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا دەرگا بەڕووی ئەو گۆڕانكارییە دەكاتەوە كە خەڵكی كوردستان چاوەڕێی دەكەن و داوای دەكەن.