محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نامەیەکی کراوە ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات و هۆشداریی لە هەڵگیرسانی شەڕێکی بەردەوام دەدات.
نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی دەقی نامەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بەبۆنەی ساڵرۆژی رووداوەکانی 7 ی ئۆکتۆبەر نووسیویەتی و تێیدا هاتووە، لەسەر لێواری خلیسكانێكی مەترسیدارداین، كە ناوچەكە و جیهانیش بەرەو شەڕێكی بەردەوام رادەكێشێت، ئەمەش ئابووری جیهان دەهەژێنێت و گەشەپێدان شکست دەهێنێت لەكاتێكدا ناوچەكەمان وەك سیییەكە كە جیهانی وزە هەناسەی پێدەدات.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، پێویستە هەڵوێستی ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەرزبنرخێنین كە داوایکرد چەك نەدرێتە ئیسرائیل و كار بكرێت بۆ كۆتاییهێنان بەو شەڕە، ئەم هەڵوێستەش لە هەستکردن بە مەترسیداری دۆخی ناوچەكەوە سەرچاوەی گرتووە.
جەختیشیکردووەتەوە، حكومەتەکەمان هەوڵی زۆری داوە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە كاریگەری ئەو ئاڵۆزییانە، لەم کارەشدا بە پاڵپشتی ئێوە و هەموو دۆستانی جیهان سەركەوتوو بووین، قۆناغی داهاتووش ئەوە دەخوازێت هەوڵەكان چڕتر بكەینەوە، لەسەروو هەموو شتێكیشەوە وەستاندنی بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی، رزگاركردنی ناوچەكە لە هەڵگیرسانی جەنگێكی نەبڕاوە، کە هیچ كەس تێیدا براوە نییە و تەنها كوشتن و وێرانكاری لێدەكەوێتەوە، هەوڵەكانیشمان لەپێناو هێوركردنەوەی دۆخەكە و فراوان نەبوونی ململانێكان بەردەوام دەبێت كە كاریگەرییان بۆسەر ناوچەكە و جیهان دەبێت.