بایدن بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە داندەنێت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکاندا

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، جۆ بایدن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە، لەچەند کاتژمێری داهاتوودا بەفەرمی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەسەردەستی دەوڵەتی عوسمانی دەناسێنێت.

تورکیا و ئەرمەنییەکان لە چاوەڕوانیی کاتژمێرەکانی داهاتوودان، ئەمەش دوای ئەوەی سەرچاوەکانی ئەمریکا و خودی جۆ بایدن ئاشكرایانكردووە، بەشێوەیەکی فەرمی داندەنێت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە لەماوەی جەنگی جیهانیی یەكەم.

تورکیا بەردەوام بەتوندی دژی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان بووە، ڕەتیشیکردووەتەوە دەوڵەتی عوسمانی کۆمەڵکوژیی دژی ئەرمەنەکان ئەنجامدابێت.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، جۆ بایدن لە ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپیدا کوشتنی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی بە “کۆمەڵکوژی” ناوببات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی ئەو کۆمەڵکوژییە و ئەرمەنەکان ساڵانە لە 24ی نیساندا یادی ئەو ڕووداوە دەکەنەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە ئاشكرایكردووە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، پێیڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ داندەنێت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەكانەوە.

هەر لەوبارەیەوە دوێنێ هەینی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ””سبەینێی وڵاتەکەی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئەو دۆسیەیە ڕادەگەیەنێت”.

چاوەڕێدەکرێت دوای ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەلایەن ئەمریکاوە، ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتربێت، لەکاتێکدا و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس 400ی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە، ئاڵۆزییەکانی ئەنقەرە و واشنتۆن هەڵکشانیان بەخۆوە بینیوە.

چیرۆکی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1915 و سەردەمی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، لەکاتێکدا ئەرمەنییەکان ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییانی تورکیایان پێکدەهێنا، بەجۆرێک لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا 23 وەزیریان لە حکومەتدا هەبووە، لەو کۆمەڵکوژییەدا زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی کوژران، بەڵام دەسەڵاتی عوسمانی ئەوکاتە باسی لە کوشتنی 700 هەزار ئەرمەنی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1894 بۆ 1896، کە 100 هەزار بۆ 150 هەزار ئەرمەنیی تێدا کوژراوە.

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پێشتر

عێراق و ئێران ڕێككەوتنی دیكە لەبواری وزەدا ئەنجامدەدەن

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
9
Share