وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بۆ ماوەی یەک ساڵ گەرەنتی ئاسایشی خۆراکی عێراق کراوە و هیچ مەترسییەک لە ئارادانییە.
ئەسیر غەریری وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، کارە لە پێشینەکانی حکومەت چاکسازیی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و پەرەدانە بە پرۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵی و خزمەتگوزارییەکان.
وتیشی، عێراق توانای گەشەپێدانی کەرتی تایبەتی هەیە بە شێوەیەک بگات بە ئاستە جیهانییەکان و هەمەجۆری لە داهات بهێنێتە کایەوە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی خۆراک لە عێراق لە ئەگەری ئاڵۆزتربوونی دۆخی ناوچەکە، وەزیری بازرگانی جەختیکردەوە، ئاسایشی خۆراک بۆ ماوەی ساڵێک گەرەنتیکراون و کۆگاکان خۆراکی پێویستیان تێدایە، بۆیە هیچ مەترسییەک لە ئارادانییە.