لیستی سەوزی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەهەموو شێوەیەک پشتگیریی رەتکردنەوەی هەژماری من لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەکەین، دەشخوازین لایەنەکانیتریش پشتگیری بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچە، وەک یەکێتیی مامۆستایان باوەڕی تەواومان بەوە هەبوو، تەنها بە تەوتینکردن کێشەی مووچە کۆتایی دێت، بۆیە بەردەوام داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە، پشت لە هەژماری من بکەن و پشتگیری پرۆسەی بە بانکیکردن لە بانکە حکومیەکان بکەن.
ئەوەش هاتووە، خۆشبەختانە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەژماری من رەتدەکەینەوە و پشتیوانی لە تەوتینکردنی مووچەکان لە بانکە حکومیەکانی سەر بە مەرکەز دەکەین، ئەوەی راستی بێت ئەو هەڵوێست و بڕیارە رێک رەنگدانەوەی داخوازییەکانی زۆربەی مامۆستایانە لە هەرێمی کوردستان، چونکە پێیان وایە بە هەژماری من کێشەکان کۆتایی نایێت و هیچ سوودیشی لێ ناکەوێتەوە.
دەشڵیت، “بە تەوتین کێشەکان کۆتایی دێت و لە زۆر بواریش سوودمەندبوونی تێدایە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری ئەو بانگەوازە مێژووییەی کاک بافڵ دەکەین، دەشخوازین لایەنەکانیتریش پشتگیری بکەن، بۆ ئەوەی بە یەکجاری کێشەی پاشەکەوت و لێبڕین و پێنەدان و بەبارمتەگرتنی مووچەی مامۆستایان بۆ بەرژەوەندی تایبەت کۆتایی پێبێت و بکەوێتە سەر شاڕێگەی خۆی.