ئەردۆغان بیانووی هەڕەشەكان بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەكات

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆك كۆماری توركیا هۆكاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بۆ پڕكردنەوەی كەموكوڕییە ئەمنییەكان لە سنوورەكانی باشووری وڵاتەكەی دەگەڕێنێتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا و سەرۆکی (ئاک پارتی) لە كۆبوونەوەیەكی پارتەكەیدا ڕایگەیاند، بە وردی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە لەڕێی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکانەوە، کەموکوڕییە ئەمنییەکان لە سنوورەکانی باشووری وڵات پڕبکەنەوە.

وتیشی، “لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغانی فورات، لقی زەیتون، کانیی ئاشتی، قەڵغانی بەھار و كلیك چنگ” ئەو ڕێڕەوانەیان تێشکاندووە کە ھەوڵدەدرا لەسەر سنوورەكانی باشوور دروستبکرێن.

سەرەڕای هێرشەكانی بۆسەر هەرێمی كوردستان، بەمدواییە هەڕەشەكانی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی نوێی سەربازیی لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بە بیانووی پاراستنی سنوورەكان زیادیكردووە، سەرەڕای هۆشداریپێدانی لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی دیكەوە.

لە نوێترین پەیامیشدا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی هەڕەشەكردنی توركیا بۆ هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، “ئامادەین بەرپەرچی بدەینەوە و بەرخۆدانێکی مێژوویی نیشاندەدەین”.

وتیشی، “ئێمە ئامادەین و لە پێشتر بەهێزترین بۆ وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تورکیا، ئێمە پێمانوایە دەوڵەتی تورک لە شەڕدا سەرناکەوێت، ئێمە شەڕخوازنین، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هێرشبکات، بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەین”.

سەرباری نیشاندانی ئامادەیی هێزەكانی ڕۆژئاوا بۆ بەرگری، مەزڵوم عەبدی جەختیكردەوە لەوەی ئامادەن کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربكەن و ڕایگەیاند، “ئامانجمان چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە لە ڕێگەی دیالۆگەوە، ئێمە هەوڵدەدەین لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەی ناوچە داگیرکراوەکانمان چارەسەربکەین، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی دانوستانەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کێشەکانمان چارەسەربکەین”.

بابەتی پێشتر

وەتسئاپ تایبەتمەندییەکی نوێ و گرنگ زیاددەکات

بابەتی دواتر

بلومبێرگ: بەهۆی ئاشکراکردنی ئامارەکانی هەڵاوسان بەرپرسێکی باڵای ئاماری تورکیا دەستی لەکارکێشایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share