پەرلەمانتارێكی كورد لە زاری وەزیری دارایی عێراقەوە رایدەگەیەنێت، مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێم نێردراوە و هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 9ی دەنێرن.
دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەراندا ناكرێت.
لە زاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیشەوە وتی، “بە دڵنیایی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت”.
ئەوەشی باسكرد، بەپێی وتەی وەزیری دارایی مووچەی مانگی هەشت گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان.
هەندێك لەو لیستانەی بەدەست وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووە، جیاوازبوون لەگەڵ مانگەكانی پێشوو، لەڕووی ناو و كۆی پارەوە، دیلان غەفور وای وت.
دووپاتیشیكردەوە، ئەو تێبینییانەی لەسەر لیستی مووچەی هەرێم لە مانگەكانی پێشوودا هەبوون، لە لیستی مووچەی مانگی 9دا نەماوە و چارەسەركراون.