شێرزاد شێخانی، كاندیدی ژمارە 13 لە لیستی ژمارە 129ی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە وتارێکدا نوویسیویەتی، بەو خودایە لێتان وەردەگرینەوە و تاجی سەروەری دەخەینە سەر قەڵا سەرکەشەکەی هەولێر و بانگی ئازادیش لەسەر منارەی چۆڵی دەدەینەوە.
دەقی وتارەکەی شێرزاد شێخانی
بەو خوایە لێتان وەردەگرینەوە
ئەمن هەولێریم .
ئەوکاتەی ئەمن لەو هەولێرە دەژیام کاربەدستانی ئێستای شارەکەم نەیاندەزانی هەولێر لەکێندەرێیە، ئەو کاتی بابو باپیرانی من لەو هەولێرە بوون، بابو باپیری ئەوان کەس نەیدەزانی لەکام گوندی کوردستان دەژیان، ئەمن حەفتا ساڵە لەو هەولێرەم، ئەمن لەگەر برادەرانی خانەقا و تەعجیل و عارەبان و شۆڕش و ئیسکان و ئازادی و بەستەپیازە و سەیداوە سێتاقان و تەیراوە دەچوومە چایخانەی عەبۆ و سەید سەلیم و لەگەر کوڕانی قەرات لە گازینۆ لەیالی بلیاردم دەکرد، ئەوان لە کەرج وتاران وشنۆو نەغەدە سێویان دەڕنی .
ئەوکاتی ئەمن لەگەر دیشۆو شێرۆ و کەمال ونەجات و حیسام و جەعفەر و غازی پیاسەی جادەی باتا و مزەفەرییە و ئەسواق سیروانم دەکرد و لەناو کووچە و کۆڵانەکانی قەیسەری پێکەوە دەگەڕاین، ئەوان بە خەونیش جادەی سی مەتری هەولێریان نەدیتبوو.
ئەمن بابولباب هەولێریم ئەوانیش بابولباب بێگانە بەهەولێر، ئەوجا کە لە سەفەر دێمەوە باوەشی شارەکەی خۆم لەسەیتەڕەی هەولێر رامدەگرن وداوای ناسنامەی هەولێری بوونم لێدەکەن !!!.
ئاخ زەمان چت لەو شارە شیرینەم کرد، ئەوە چ هەورەکی ڕەشبوو ئاسمانی شارەکەمی داپۆشی؟. ئەوە چ رەشەبایەک بوو لەسەر سنوورەوە هەڵیکرد و هەرچی جوانی ئەو هەولێرەیە لەگەر خۆی برد؟ . ئەوە چ کارەساتەک بوو ئەمنی کردە غەریبەو ئەوانی کردە حاکمی قەڵاو مینارە؟.
دە بەو خودایە لێتان وەردەگرینەوە و تاجی سەروەری دەخەینە سەر قەڵا سەرکەشەکەی هەولێر و بانگی ئازادیش لەسەر مینارەی چۆڵی دەدەینەوە … باقی وەلسەلام ..