هەڵكوتانە سەر كۆنگرێس-ی ئەمریكا لەلایەن لایەنگرانی ترەمپ-ەوە، تەنها خۆپیشاندانێكی ئاسایی نەبووە، بەڵكو “پیلانێكی مەترسیدار” بووە، وەك ئەوەی داواكاری فیدراڵیی ئەمریكا ئاشكرایكردووە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری داواكاری فیدراڵیی ئەمریكا-وە بڵاوكردووەتەوە، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ دەیانویست لە كاتی هەڵكوتانەسەر كۆنگرێس دا، “چەند بەرپرسێكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بڕفێنن”، هەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو پیلانەش بووە چوونەتە ناو كۆنگرێس.
خاوەنی ئەم وێنەیە، “دەیویست كارەسات بقەومێنێت” لە شەوی هەڵكوتانەسەر كۆنگرێس دا، ئەمە ناوەڕۆكی یاداشتێكی داواكاری فیدراڵیی ئەمریكایە كە بەرزیكردووەتەوە بۆ دادگا.
ئەو كەسە كە بە “شاخدارەكە” ناوزەدی دەكەن، ناوی جەیكۆب چانسڵی-یە و دانیشتووی ویلایەتی ئەریزۆنایە و رۆڵی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی بیردۆزی پیلانگێڕی دژ بە ڕكابەرەكانی ترەمپ.
كاتێك جەیكۆب لەناو هۆڵی كۆنگرێسدا چووەتەسەر مێزەكەی مایك پێنس جێگری دۆناڵد ترەمپ، لەسەر كاغەزێك نامەیەكی هەڕەشەئامێزی بۆنووسیوە: “ئەوەی لەنێوانماندایە تەنها كاتە، دادپەروەری بەڕێوەیە.”
دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریكا و پۆلیسی فیدراڵی ئێف بی ئای، نامەی لایەنگرەكەی ترەمپ، وەك هەڕەشەیەكی جدی بۆسەر جێگری سەرۆك ئەژماردەكەن، بۆیە یاداشتی دەستگیركردنیان بۆ جەیكۆب دەركردووە و دەڵێن، “ترەمپ نیازی خراپ بووە.”
ڕۆژی چوارشەممە 6ی كانونی دووەم، هەزاران كەس لە لایەنگرانی ترەمپ لە بەردەم تەلاری كۆنگرێس خۆپیشاندانیان سازكرد، دواتر ژمارەیەك خۆپیشاندەر بە نایاسایی چوونە ناو كۆنگرێسەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بكەن لە پەسەندكردنی بردنەوەی جۆ بایدن لە هەڵبژاردن و بوونی بە سەرۆك.
ڕۆژی دواتر لە ڕاگەیەندراوێكدا لەسەر خۆپیشاندانەكە، ڕۆبێرت جی كۆنتی، سەرۆكی پۆلیسی وانشتنی پایتەختی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، “چوار كەس بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە گیانیان لەدەستداوە كە یەكێكیان كارمەندی پۆلیس بووە.”
هەوڵەكانی ترەمپ بۆ بەربەست دروستكردن لەبەردەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا، كاردانەوەی بەرفراوانیان لێكەوتەوە و داوا دەكرا لێپرسینەوە لە ناوبراو بكرێت و تەنانەت بەر لە كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی، دەسەڵاتی لێبسەندرێتەوە.
لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا، چوارشەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە دەنگی 232 بەرانبەر بە 197 دەنگ ترامپ-ی تۆمەتباركرد. لە نێو ئەوانەی دەنگیان لە دژی ترامپ دا 10 ئەندامیان کۆماری بوون و چوار ئەندامی دیکەی کۆمارییش دەنگیان نەدا.
دوێنێ پێنجشەممە 14ی كانونی دووەم، جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، لە یەكەم لێدوانیدا دەربارەی بڕیاری تۆمەتباركردنی ترەمپ كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەرچوو بۆ دادگایيكردنی لەبەردەم ئەنجومەنی پیران بە ئامانجی دوورخستنەوەی، وتی، “ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەژێر بارگرانيی پەتای كۆڤید-19 و لێكەوتە ئابورییە خنكێنەرەكانیدایە، كە ئەمەش وا دەخوازێت ئەنجومەنی پیران بە خێرایی بڕیار لە دامەزراندنەكانی ئیدارەی نوێ بدات، بۆ ئەوەی بتوانن ڕوبەڕووی ئالنگارییەكان ببنەوە” پاش وەرگرتنی پۆستەكەی لە 20ی ئەم مانگەدا و دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی نوێی ئەمریكا.”