مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە ساڵڕۆژی ریفراندۆمدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵڕۆژی ریفراندۆمدا پەیامێكی بڵاوكردەوە رایگەیاند، “دەرئەنجامەكانی ریفراندۆم وا نەكەوتەوە كە هیوای سەربەخۆیی كوردستان بەدیبهبێنێت”.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵڕۆژی ریفراندۆمدا

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

لای هەمووان ئاشكرایە كە مافی ریفراندۆم و بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسیی گەلەكەمان خۆی لە خۆیدا، بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی چارەنووسی گەلان، مافێكی رەوا و دیموكراتییە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش كە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خەباتی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس كردووە و لەم پێناوەدا هەزاران شەهید و قوربانی داوە، وەك پرەنسیبی نەگۆڕی خۆی لەگەڵ رەخساندنی هەلومەرجی دروست و گونجاو بووە بۆ پیادەكرنی ئەو بژاردە دیموكراسی و نیشتمانییە، كە دەبووایە لە ریفراندۆمی 25/9/2017یشدا، بە ڕەچاوكردنی هاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەی وردی هەلومەرجی وڵات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستانی گەلەكەمان كە ئامۆژگاری و پێشنیازی دۆستانەیان كردین لە دۆخێكی باشتری تەبایی و یەكڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی كرابا، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە باش و خراپەكانیشدا هەمووان پێكەوە شانیان دابایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەركەكان.

بە داخەوە دەرئەنجامەكانی ریفراندۆم وا نەكەوتەوە كە هیوای سەربەخۆیی كوردستان بەدیبهبێنێت.

جا لەجیاتی ئەوەی سەركردایەتی ئەوسای ریفراندۆم، بە تایبەتیش باڵی سەركردایەتی خۆسەپێن و قۆرخكاری ناو پارتی، شان بداتە بەر ئەركەكانی چارەسەركردنی لێكەوتەكان و ساڕێژی برینەكانی دوای شكست، كەچی بە خیتابی ناڕەوا و نا بەرپرسانەی تەخوین و درز خستنە ریزەكانی گەلەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامە چاوەڕوانكراو و نەخوازراوەكانی پڕۆسەی ریفراندۆمدا كرد، بە جۆرێك لە جێبەجێكردنی بەڵێنی سەربەخۆیی پاشگەزبوونەوە و پڕۆسەی ریفراندۆمیان كردە دەسكەلای موزایەدەی ناوخۆیی و بە كردەوەش خاكی كوردستانیان، لە ناوچە دابڕاوەكان، بۆ قەدەری كەینوبەینی ژێربەژێر و موساوەمەی نابەرپرسانە بەجێهێشت، بە تایبەت كە ئەوكات جومگە سەرەكییەكانی حكومڕانیان بە دەستبوو، بۆیە لە ئاستی دەرەوە دەستیاندا بە خۆچەماندنەوە و سڕكردنی ئاكامی ریفراندۆمەكە و پاڕانەوە و پێشكەشكردنی سازش لەسەر سازش، لە ئاستی ناوخۆشدا شانازی درۆزنانەی بە ریفراندۆمێكی بێ ئاكامیان، كردە گوتارێكی سیاسیی هەرزان، بێ گوێدانە دەرئەنجامە خراپەكانی دواتر لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان.

هەر ئەو كاتەش یەكێتی و هێزی پێشمەرگەی یەكێتی ئازایانە لە مەیدانی نەبەردیدا شەهید و قوربانیان بەخشی و بۆ پاراستنی خەڵكەكەشمان بەدیدێكی دوورمەودای نەتەوەییانە ڕێی مانەوە و خۆڕاگری بەرپرسانەیان گرتەبەر، لە كاتێكدا لایەنی تر لە كۆڕی رووبەرووبونەوەدا هەڵهاتن و لە سەكۆی هاشوهوشی ئیعلامیشدا تۆزی شكستیان بە تەخوین و تۆمەتباركردنی هێزە نیشتمانییەكان داپۆشی و نەیانهێشت هەلومەرجی هەڵسەنگاندنێكی دروست و بابەتی بۆ پرۆسەكە بێتە كایەوە تاوەكو كەمتەرخەم و لایەنی بەرپرس لە شكستەكەی ریفراندۆم و بەدواهاتووەكانی لە ئۆكتۆبەری هەمان ساڵدا، دەستنیشان بكرێت.

خوشك و برایانی خۆشەویست

سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بیرەوەری حەوت ساڵەی دەرئەنجامی ریفراندۆمدا كە هاوكاتە لەگەڵ وادەی موژدەبەخشی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان، پشت بەستوو بە هۆشیاری گەلەكەمان و ویستی ڕاستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و بەرپەرچدانەوەی چەوتی و قۆرخكاری لە سیاسەت و ئیدارەدا، كۆششی گەورە بۆ پێچانەوەی دۆخی دژواری رابردوو دەكات و ئومێدی زۆری بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان هەیە كە سزای سیاسەتی سەركێشانە و پاوانخوازی و بێ پەروایی بدەن و چانسی نوێ بخەنە بەردەم گەلەكەمان تا حكومڕانییەكی بەرپرس و لێوەشاوەتر بێتە كایەوە و جارێكی تر، وەك سەردەمی زێڕینی سەرۆك مام جەلال، سیاسەتی ژیرانەی یەكێتی و دەربەستییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی، پێكەوە لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادیدا، بڕیاری دروست لەسەر ئاییندەی كوردستان بدات، بە جۆرێك لەسەر دوو پایەی پتەوی باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و پێداگری لەسەر ویستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و بەگوێرەی ئیستحقاقی دەستووریی خۆمان، پەیوەندییەكی هاوسەنگ و تەندروست لەگەڵ بەغدا بێنێتەكایەوە. دوور لە خیتابی هەڕەشە وگوڕەشەی بێبنەمای سەردەمی ئاهەنگسازی ریفراندۆم و دوور لە خیتابی چەمانەوەیان دوای لێكەوتە شەرمەزارییەكانی راكردنیان لە هەموو بەرەكانی رووبەرووبوونەوە لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 دا.

كوردستانیانی خۆشەویست

بۆ پێشەوە بەرەو ڕاستكردنەوەی رێڕەو و گرتنەوە دەستی جارەنووسی گەلەكەمان بە گوێرەی ستراتیژێكی كوردستانیانەی ڕاستەقینە، دژ بە هەرزان فرۆشی و پشتبەستن بە هێز و ئەجیندای گوماناوی ئیقلیمی.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

24-9-2024

بابەتی پێشتر

راگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: نەوتی سپی لە سەنتەری شارەكان دابەشدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژێک پشوو راگەیەندرا

رۆژی دووشەممە 1ی نیسان لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە. بەپێی خشتەی پشووەکانی حکومەتی هەرێم، رۆژی…
Total
0
Share