راگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ داكۆكیكاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان بووه‌ له‌مه‌ودواش به‌رده‌وام ده‌بێت به‌تایبه‌تی رێزگرتن له‌ مافه‌كانی ژنان.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
پێشمەرگە پاڕێزەری مافەکانی مڕۆڤە

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ داكۆكیكاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان بووه‌ له‌مه‌ودواش درێژه‌ به‌م سیاسه‌ت و مه‌بده‌ئه‌ی ده‌دات و به‌رده‌وام ده‌بێت به‌تایبه‌تی رێزگرتن له‌ مافه‌كانی ئافره‌تان و ژنان و زیاتریش له‌كاتی ململانێ و شه‌ڕ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا هه‌وڵده‌دات كه‌سایه‌تی و كه‌رامه‌ت و جه‌سته‌ی خانمان پارێزراو بن، له‌مباره‌یه‌وه‌ :

1. له‌سه‌ر‌ ئاستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان بڕیار و فەرمانی راشكاوانه‌ ده‌ركراوه‌ بۆ قەدەغەکردنی هەر جۆرە توندوتیژییەکی سێکسی دژی هاوڵاتییانی مەدەنی لە کاتی ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێک، بەتایبەتی دژی ژنان و کچان.
2. له‌ بڕیار و فه‌رمانه‌كاندا ئاماژە بەوە دراوه‌، کە توندوتیژیی سێکسی لە ململانێی چەکداریدا لەوانەیە ببێتە تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی بە مرۆڤایەتی و جینۆساید، ئه‌مه‌ش لێپرسینه‌وه‌ و ناوزڕاندنی به‌دواوه‌ ده‌بێت.
3. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیده‌كاته‌وه‌، كه‌ بەردەوامی بە كه‌لتوری مرۆڤدۆستی خۆمان دەدەین و هەوڵدەدەین بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ئافره‌تان و منداڵان و پێكهاته‌كان و پاراستنی کەرامەت و بەرزڕاگرتنی مافەکانی مرۆڤ و به‌ها مرۆڤایەتیه‌كان.

سەبارەت بە ماددە یاساییە پەیوەندیدارەکان لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا دووپات له‌ پابه‌ندێتی ده‌كرێته‌وه‌ به‌و مادده‌ و بڕگه‌ سه‌ره‌كیانه‌ی كه خاڵی سه‌ره‌كی جێبه‌جێكردنی یاسای مرۆیی و مافه‌كانی مرۆڤن:‌ ‌
* رێککەوتننامەی یه‌كه‌می جنێڤ (بریندار و نەخۆش) ، دووەم (بریندار، نەخۆش و نوقم بوو لە دەریادا) ، سێیەم (دیلەکانی جەنگ)، مادەی هاوبەشی 12.
* ئافره‌تان بەهۆی رەگەزیانەوە پێویستە بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
* ڕێککەوتننامەی چواره‌می جنێڤ (پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی) و (ماددەی 27) و (ماددەی 76 ) لە پرۆتۆکۆڵی زیادکراوی یەکەم ( قوربانیانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان).
* قەدەغەکردنی دەستدرێژی سێکسی و لەشفرۆشی زۆرەملێ یان هەر جۆرە دەستدرێژییەکی ناشایستە.
* پرۆتۆکۆڵی زیادکراوی دووەم (قوربانیانی ململانێ نانێودەوڵەتی) مادەی چوارەم (2) (ا) (ب).
* قەدەغەکردنی هێڕشکردنە سەر کەرامەتی کەسی، بەتایبەتی مامەڵەی سوكایه‌تی پێكردن و دەستدرێژیکردنە سەر.
* رێککەوتننامەکانی جنێڤ-ی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و مادەی سێیەمی هاوبەش.
* قەدەغەکردنی هێڕشکردنە سەر ژیان و جەستە، بەتایبەتی کوشتن بە هەموو شێوەکانییەوە، شێواندن، مامەڵەی دڕندانە و ئەشکەنجەدان، هەروەها هێڕشکردنە سەر کەرامەتی کەسی، بەتایبەتی مامەڵەی سوكایه‌تی و ئه‌تككردن.

سه‌باره‌ت به‌م ماده‌ و بڕگه‌ یاسایی و مرۆییانه‌ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بڕیار و فەرمانی روونی بۆ پابه‌ندبوون به‌م خاڵه‌ سه‌ره‌كیانه‌وه‌ دەرکردووه‌ و هەر جۆرە توندوتیژییەکی سێکسی قه‌ده‌غه‌كردووه‌ لە کاتی ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکدا.

هەر لە چوارچێوه‌ی بایه‌خدانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌م بابه‌ته‌:

1. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت بڕیاری مێژوویی ژمارە (1820) لە (19ی حوزەیرانی 2008) كه‌ توندوتیژی سێکسی و پاراستنی ژنان و منداڵان وەک بابەتێکی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەناسێنێت، بڕیاری ژمارە (2467)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی (2019) و هه‌روها بڕیاری (1325).
2. له‌ دیوانی وه‌زاره‌ت یه‌كه‌ی تایبه‌تی به‌ كاروباری ئافره‌تان دروستكردووه‌ به‌تایبه‌تی بۆ هه‌ماهه‌نگی كردن له‌ جێبه‌جێ كردنی بڕیارو مادده‌ یاساكاییه‌نی په‌یوه‌ست به‌ مافی ژنان و پاراستنیان له‌كاتی شه‌ڕو ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا.
3. له‌ ‌بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگه‌یاندن و هۆشیاری نیشتیمانی رێنمایی و هەڵمەتی هۆشیاری به‌رده‌وام ده‌بێت‌ له‌باره‌ی ئه‌م یاسایانه‌وه‌ بۆ سەرجەم ئەندامانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه.
4. وەزارەتی پێشمەرگە بابه‌تی توندوتیژی سێکسی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤی له‌ ململانێ سه‌ربازییه‌كاندا تێكه‌ڵی وانه‌كانی خولەکانی مه‌شق و راهێنان ده‌كات.
5. وەزارەتی پێشمەرگە هه‌ماهه‌نگی و چالاكی هاوبه‌ش و به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ئێستاش زنجیره‌ سمیناره‌كانی خاچی سوور له‌ناو یه‌كه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامه‌.
6. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ په‌رۆشیه‌وه‌ پێشوازی له‌ رێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیاره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كان به‌ یاساو رێساكانی جه‌نگ و مافه‌كانی مرۆڤ كردووه‌ و به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ خول و سمیناری له‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ رێكخستوون؛ نمونه‌ی ( رێكخراوی قورتوبه‌ بۆ ئاشتی – میسری) و (رێكخراوی‌ (aooو (جنێفه‌ كۆڵ) و (رێكخراوی ناوه‌ندی كوردستان بۆ یاسای مافی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی).
7. له‌و‌ كۆڕو سمینارو خوله‌ په‌یوه‌ندیدارانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌درێن، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ ده‌بن و زانیاری و په‌یامه‌كان ده‌گه‌یه‌نن و په‌خش ده‌كرێت.
8. له‌ میدیای فه‌رمی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ‌(پێگه‌كانی سۆشیال میدیا – گۆڤاری پێشمه‌رگه‌) بایه‌خی تایبه‌تی به‌ بابه‌ت و هه‌واڵ و رووماڵی چالاكیه‌كانی ئه‌م بواره‌ ده‌درێت.

وه‌زاره‌تی پێشمەرگە
24ی ئەیلولی 2024

بابەتی پێشتر

کچێک بە تەزووی کارەبا گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە ساڵڕۆژی ریفراندۆمدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share