بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە كرایەوە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی یەكێتی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد كرد و رایگەیاند، هەموو هەوڵێكمان لەپێناو پاراستنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی ژیانی خەڵكەكەمانە لە ململانێكان، بڕواشمان وایە بە هەماهەنگی و كاری پێكەوەییمان دەتوانین خزمەتی زیاتری خەڵك بكەین و وڵات بەرەو ئاوەدانی ئاڕاستە بكەین.
سەبارەت بە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، “بەرەو قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی و ئیدارەدانێكی تەندروست هەنگاودەنێین، قۆناغێك كە ژیانی خەڵك و بەهێزتركردنی هەرێمەكەمان ئامانجی راستەقینەیەتی و دەمانەوێت بەهەموو شێوەیەك كۆتایی بە نادادپەروەری و جیاكاری بهێنین”.
پێشهاتە ئەمنییەكان تەوەرێكیتری دیدارەكەبوو، هەردوولا جەختیان لەیەكخستنی هەوڵەكان و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە ململانێ و گرژییەكان كردەوە.