ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بودجەی فیدراڵی تووشی سێ بوومەلەرزەی بەهێز بووە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق رووبەڕووی سێ بوومەلەرزەی بەهێز بووەتەوە کە کاریگەریی گەورە دروستدەکات لەسەر نەختینە و پابەندییەکانی دەوڵەت.

مستەفا جەبار سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سێ بوومەلەرزەی بەهێز کاریگەریی لەسەر بودجەی دەوڵەت دروستکردووە، كە بە گوێرەی ئەو پەرلەمانتارە دووانیان پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

سەنەد دەڵێت، “بوومەلەرزەی یەکەم دابەزینی نرخی نەوتە، کە لە بودجەدا نرخی نەوت بە 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دانراوە، بەو گریمانەیەی کە بەرزبوونەوەی نرخەکان (70 + 10) هەبێت بۆ ئاسانکاری لە ژماردندا، هەر دۆلارێک کە لە خوار نرخی دیاریکراوی نەوتەوە دابەزێت، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا بە بودجەی عێراق”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دابەزینەکە بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بەردەوام بێت، زیانەکە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە ئەمەش ئەگەر نەوتی عێراقی بە یەک دۆلار کەمتر لە 80 دۆلار بفرۆشرێت، زیانی مانگانە 1.2 ملیار دۆلارە، زیانی ساڵانەش 14.4 ملیار دۆلارە ئەگەر نرخەکە بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بەردەوام بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەرمیلێک نەوتی خاوی عێراق بە 68 دۆلار دەفرۆشرێت.

بوومەلەرزەی دووەم، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقی لەلایەن ئۆپیکەوە، بەهۆی هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تانکەرەوە و نزیکەی 60 هەزار بەرمیل بەکارهێنانی ناوخۆیی، ئۆپیک داوای لە عێراق کردووە، بەرهەمهێنانی نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوت کەمبکاتەوە، بەمپێیەش زیانی عێراق مانگانە بە 480 ملیۆن دۆلار و ساڵانە 5.7 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، بوومەلەرزەی سێیەم، نەگەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی عێراقە، سەرەڕای ئەوەی بودجە هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بە هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت، کە ساڵانە زیانی 11.6 ملیار دۆلار لە بودجە دەدات.

بەم جۆرە، کۆی زیانەکانی سەرەوە بە 31.5 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە یەکسانە بە 41 ترلیۆن دینار و 70%ی کۆی مووچەی گشتیی دەوڵەتە.

مستەفا سەنەد دەڵێت، “ئەگەر ئەوەی یەکەم لە دەرەوە دەسەڵات و ئیرادەی هەمووان روویداوە، بەڵام ئەوەی دووەم و سێیەم لە ئەستۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتدایە”.

بابەتی پێشتر

كەشناسیی هەرێم پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

سودانی پەیامێکی ئاڕاستەی نەیارەکانی کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share