هەندێك نیشانە لە چاودا ئاماژەن بۆ نەخۆشیی مەترسیدار

دەشێت هەندێك كێشەی بینین لە چاودا نیشانەبن بۆ گرفتی تەندروستیی گشتی، ئاشكراكردنی ئەو حاڵەتە یارمەتیدەر دەبێت لە دەستنیشانكردنی پێشوەختەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی وەك شەكرە، شێرپەنجە یان زیادبوونی كۆلیستڕۆڵ، وەك ئەوەی شارەزایەكی بواری تەندروستیی چاو باسیدەكات.

لانكیس میشو، مامۆستای خوێندنی بواری بینین لە زانكۆی مۆنتریاڵ دەڵێت، بە درێژایی 30 ساڵ كاركردنی وەك پزیشكی چاو “زۆر نەخۆشم بینووە كە بەدەست گرفتی جۆراوجۆری بینین و تەندروستیی چاوەوە ناڵاندوویانە و، دەركەوتووە هۆكارەكەی نەخۆشییەكە كە نەیانزانیووە تووشبوون پێی”.

ئەو شارەزایە لە راپۆرتێكدا لەسەر سایتی “زە كۆنفرسایشن” دەڵێت، هەندێك نیشانەی چاو دەكرێت پەیوەندییان بە گرفتی تەندروستیی دیكەوە هەبێت.

شەكرە یەكێكە لەو نەخۆشییانەی دەتوانرێت لەڕێی چاوەوە ئاشكرابكرێت، بەپێی هەڵسەنگاندنەكان نەخۆشییەكە بە شێوەیەكی گشتی دەستنیشان ناكرێت تا پاش شەش بۆ 13 ساڵ لە دەركەوتنی، بەڵام دەكرێت بە پشكنینی تەندروستیی چاو ئەو ماوەیە كەمبكرێتەوە، چونكە لێكەوتەكانی نەخۆشییەكە لە بەشی پشتەوە چاو دەردەكەوێت، بەر لە دەركەوتنی نیشانەكانی دیكەی.

دەستنیشانكردنی پێشوەختە زۆر گرنگە، چونكە لەماوەی پێنج ساڵی دەستنیشانكردنەكەدا (واتە پاش 11 بۆ 15 ساڵی دەركەوتنی نەخۆشیی شەكرە)، 25%ی ئەو نەخۆشانەی بەدەست شەكرەی جۆری یەك و 40%ی ئەوانەی بەدەست شەكرەی جۆری دووەمەوە دەناڵێنن و ئەوانەن كە بە ئەنسۆلین چارەسەر دەكرێت، تووشی گرفت لە چاویاندا دەبن كە دەشێت كاریگەری لەسەر بینینیان دروستبكات.

بۆیە دەستنیشانكردنی پێشوەختە و چاودێریی چڕی تەندروستیی چاو بەشێوەیەكی گونجاو مەترسیی تووشبوون بە نابینایی كەمدەكاتەوە، كە ئەگەری روودانی دەبێت كاتێك نەخۆشییەكە چارەسەر نەكرێت.

هەروەها دەتوانرێت فشاری خوێن و بەرزبوونەوەی كۆلیستڕۆڵ بەهەمان شێوە لەڕێی چاوەوە ئاشكرابكرێن و مەترسییەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتەی دڵ كەمبكرێتەوە.

چاو تەنها بەشی جەستەی مرۆڤە كە دەتوانرێت خوێنە دەمارەكانی ببینرێت بەبێ پێویست بوون بە ئەنجامدانی بڕین یان بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا، بۆ نمونە دەتوانرێت بەرزیی فشاری خوێن “كە بە بكوژی بێدەنگ ناودەبرێت” لەڕێی دەمارەكانی چاو و نیشانە دیاریكراوەكانی سەر تۆڕی چاو هەست پێبكرێت و ببینرێت.

بەهەمان شێوە دەتوانرێت كۆلیستڕۆڵ لە هاوێنە (قەرەنیە)ی چاودا ببینرێت، لەكاتێكدا زۆرجار نیشانەكانی لە كەسەكەدا زۆر كەمە، یان زۆر بە خاوی زیاددەكات.

ئەو شارەزایە ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو شێرپەنجانەی تووشی چاو دەبن، دەشێت بەهەمان شێوە ببنە هۆی گواستنەوەی خانەی شێرپەنجەیی بۆ سییەكان و جگەر، زۆرینەی جاریش نەخۆشییەكە بێ نیشانە زیاددەكات تا لەدەست دەردەچێت، بۆیە ئاشكراكردنی پێشوەختە زۆر گرنگە.

لە كۆتاییشدا دەڵێت، چاوەكان پەنجەرەیەكی كراوەن دەربارەی تەندروستیی گشتیمان، بۆیە راوێژی رێكخراو و بەردەوام لەگەڵ پزیشكی چاو لەئێستادا لە هەموو كات زیاتر گرنگترە.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر دوو خێزان لەسەر ئاوی بیر بووە شەڕیان و برینداری لێکەوتەوە

بابەتی دواتر

پزیشكیان دەگەڕێتەوە بۆ تاران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share