چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتیی بۆ سودانی و حكومەتەكەی رادەگەیەنێت

سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی باس لە دەنگۆی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات.

عەقیل ردێنی، سەركردە لە چوارچێوەی هەمانگی رایگەیاند، ئەو قسانەی دەربارەی كشانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پاڵپشتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران دەكرێن ناڕاستن و چوارچێوە بە سەرجەم هێزەكانیەوە تائێستا پاڵپشتیی بەهێزی حكومەتی ئێستا و سەرۆكەكەیەتی و، سەركەوتنی حكومەت سەركەوتنە بۆ سەرجەم هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

ردێنی لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان وتیشی، “بوونی هەندێك جیاوازی لە تێڕوانیندا مانای ناكۆكی و ململانێ نییە، ئەم جیاوازیی بیروبۆچوونە سروشتییە، سەرجەم هێزەكانی چوارچێوە بەوپەڕی هێزەوە پاڵپشتیی سودانی و حكومەتەكەی دەكەن و كاردەكەن لەسەر سەركەوتنی حكومەت لە سەرجەم دۆسیەكاندا”.

ئەوەش لەكاتێكدایە لە دوو رۆژی رابردوودا رۆژنامەی شەرقلئەوسەت ئاماژەی بە ناوەرۆكی كۆبوونەوەیەكی 26ی ئابی رابردووی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كرد و ئاشكرایكرد، تیایدا كۆنووسی لێكۆڵینەوەی یاسایی، لەبارەی تۆڕێكی سیخوڕی لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق خراوەتەڕوو.

روونیشیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشنیاری بۆ سودانی كردووە دەست لەكاربكێشێتەوە، بۆ ئەوەی حكومەتەكەی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە نەكرێت.

بابەتی پێشتر

سبەینێ مەسعود پزیشکیان دەگاتە بەغداد

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی: به‌تۆمه‌تی‌ دزینی‌ چەند سه‌ر ئاژه‌ڵێک دوو کەس ده‌ستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share