عەزیز عەلی، بەرێوەبەری خانەنشینی سەربازیی سلێمانی رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگادارکراینەوە کە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی بۆ مانگی تەمموز بە سیستمە کۆنەکە بووە و سوودمەند نەبوون لە هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ بەغداد.
راشیگەیاند، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سەربازی لیستیان بە هەردوو جۆرەکە بۆ مانگی تەمموز ئامادەکردبوو، بەڵام وەزارەت ئاگاداریکردنەوە بە سیستمە کۆنەکە ئەم مانگە مووچە دابەشبکەن و کار بە لیستە نوێیەکە نەکەن.
باسی لەوەشکرد، بۆ مانگی داهاتوو ئاگادارنەکراونەتەوە، بە لیستی مووچەی هاوتاکراو یاخود لیستە کۆنەکە مووچە دابەش بکەن و چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.
بۆ یەکەم جار، مووچەی مانگی تەمموزی خانەنشینانی مەدەنی هاوشێوەی عێراق و بە گوێرەی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 خەرجکرا و زۆرینەی خانەنشینان سوودمەندبوون لە زیادبوونی مووچەکانیان، تەنها خانەنشینانی سەربازی مووچەکانیان بە سیستمی کۆن دابەشکرا.