شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق هەینی رایدەگەیەنێت، ئەو فڕۆکانەی ماون لە رێککەوتنەکەی ئەم دواییە لەگەڵ واشنتۆن لە پرۆسەی رادەستکردنیاندان کە بۆ هێزی ئاسمانیی سوپای عێراق زۆر گرنگن.
تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ”عێراق لە سەردانەکەی ئەم دواییەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی بۆ واشنتۆن، رێککەوتنێکی لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرد، کە پێکهاتبوو لە کڕین 41 فڕۆکەی بێڵ”.
ئەوەشی خستەڕوو، “20 فڕۆکە کە لە گرێبەستەکەدا هاتووە بۆ مەشق و راهێنانن و ئەوانی دیکەش بۆ ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێن، هاوکات لە کۆی 20 فڕۆکەکە حەوت فڕۆکە گەیشتوون و ئەوانی دیکەش لە پرۆسەی وەرگرتنیاندان”.
دەشڵێت، ”ئەم رێککەوتنە بۆ هێزی ئاسمانیی سوپای عێراق زۆر گرنگە، بەو پێیەی فڕۆکەی پێشکەوتووە لە بوارەکانی مەشق و راهێنان و پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی ئاسمانی بۆ یەکەکانمان لە شەڕکاندا”.