وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا کاندیدەکان لە پڕۆسەی پشتڕاستکردنەوەی داتاکانیاندان و هەر کاندیدێک بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن بکات رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
جومانە غلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، ”تاوەکو ئێستا کاندیدەکان لە پڕۆسەی پشتڕاستکردنەوەی داتاکانیاندان و دەستەی کۆمسیاران رەزامەندییان لەسەر کاندیدەکان نەداوە، هەربۆیە هیچ کاندیدێک ناتوانێت بانگەشەی هەڵبژاردن رابگەیەنێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر سکاڵا لەسەر بانگەشەی پێشوەختە لەلایەن هەر لایەن و کاندیدێکەوە لە کۆمسیۆن تۆماربکرێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە سەرپێچی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن”.
دەشڵێت، ”دوای پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان لەلایەن دەستەی کۆمسیاران، وادەیەک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت”.
جێگای ئاماژەیە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد.