ستران عەبدوڵا: مەرج نییە هەموو کەسێک بە دەنگدانی مردووی گۆڕستانەکان رازیبن

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکیدا رایدەگەیەنێت، ”ئێمە باوەڕمان بە ئیرادە، هۆشیاری، ئازایەتی و جورئەتی نەوەکانی کەریم خانی زەند، کەیخەسرەو و سەڵاحەدینی ئەیوبی هەیە و مەرج نییە هەموو کەسێک بە دەنگدانی مردووی گۆڕستانەکان رازیبن”.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (لەگەڵ میللەتەکەمان بەشی ناکەین، با گشتی بۆ ئەو بێت) دەڵێت، ”ئێمە بەجددی لە بابەتەکە تێگەیشتووین، بەجددی باوەڕمان بە دیموکراسیی و سندوقە عاجباتییەکەی هەڵبژاردن هەیە و پێمان وایە ئەمە رێگای ئاوریشمیە و نەرم و شێنەییە بۆ راستکردنەوە و رادەستکردن و وەرگرتنەوە لەم وڵاتەدا”.

دەقی وتارەکە:

لەگەڵ میللەتەکەمان بەشی ناکەین، با گشتی بۆ ئەو  بێت

ئێمە بە جددی لە بابەتەکە تێگەیشتووین، بە جددی باوەڕمان بە دیموکراسیی و سندوقە عاجباتییەکەی هەڵبژاردن هەیە و پێمان وایە ئەمە رێگای ئاوریشمیە و نەرم و شێنەییە بۆ راستکردنەوە و رادەستکردن و وەرگرتنەوە لەم وڵاتەدا.

ئێمە حەیفمان پێدێت کە لە سەدەی بیستەم ئەم هەموو  خوێنە بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان دراون و ئێستا لەم سەرەتای سەدەی بیست و یەکەدا لێی پەشیمان ببینەوە یان تەنانەت لێی کەم بکەینەوە و پێمان وا بێت لێمان زیادە.

نەخێر برایان! لێمان زیاد نییە و زۆرمان پێ خۆشە کە ئەم ئازادی و دیموکراسییە وا لێی بڕژێت تۆڵەی زەحمەتی و ئازارەکانی پێشینیش بکەینەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەوتێکی سیاسیی جددی و بەرپرس و دەربەستە و حەیفی  پێدێ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەم هەموو پارە و خەرجییە بکەن،  کەچی سەرەنجام خەریتەی سیاسیی وەکو خۆی بمێنێتەوە و (مای باردەکە) هەر ئاوی ساردەکەی جاران بێت.

ئێمە بە جددیمانە و زۆرمان پێ خۆشە کە ئەو هەموو کچ و کوڕە چالاکانە کاندید و کەمپین و کاردانەوەیان هەیە و خۆیان سەغڵەت کردووە، کەچی هەبن لە ئێستاوە هەموو شتێکیان بڕاندبێتەوە و فشەیان بە دەنگی میللەت و بە سەنگی سیاسەت و عیبرەتی کێبرکێی هەڵبژاردنەکە بێت.

براکانم چۆن وا دەبێت؟

تەنانەت لە ماجەرای هەڵبژاردنی لق و ناوچەکانی خۆتاندا کادیر و هەڤاڵ و پاڵێۆراوتان بە هەوڵی ناڕەوای کۆنترۆڵی پێش وەختە رازی نەبوون، بۆچی پێتان وایە باقی میللەت و باقی لایەنەکان بەم قەدەرە سەپاوە رازی دەبن؟!

مەرج نییە هەموو کەسێک بە دەنگدانی مردووی گۆڕستانەکان رازیبن. خودا لە قورئان و لە ناوچەوان نەینووسیووە تاوەکو دونیا دونیایە حوکمڕانییەکە ئیوهایە.

ئێمە باوەڕمان بە ئیرادە و بە هۆشیاری و بە ئازایەتی و جورئەتی نەوەکانی کەریم خانی زەند و کەیخەسرەو و سەڵاحەدینی ئەیوبی هەیە کە لەم سەدە تازەیشدا داستان، ئەمما داستانی  دیموکراسیی نەرمونیان، تۆمار بکەن و لە چین و ماچینیش ببەنەوە.

ئێمە بە جددیمانە و (یەک بست) لەو خەون و خەیاڵ و خەباتە نایەینە خوارەوە.

ئێمە ئەوەندە باوەڕمان بە میللەتەکەمان هەیە کە دێتە مەیدانی راستکردنەوە و سەوز پایەدار دەکاتەوە،  بگرە ئەوەندەش خۆش خەیاڵ و خۆشباوەڕین کە سا بەڵکو ئێوەش قبوڵی بکەن و لەگەڵی رابێن و پەسەندی بفەرموون.

چاوی دوژمنی  کوێر بێت کە چاویان بە رۆژی شایی دیموکراسی و زەماوەندی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هەڵنایەت.

ئێمە بە جددییمانە و بەو ئیرادەوە دێینە کایەوە، رێڕەوەکە راستدەکەینەوە و هەر لە ئێستاشەوە، هەر بە جۆشی دیموکراسی باڵانسەکەمان هاوسەنگ کردووەتەوە.

کارت و کاغەز و فایلی خۆمان لەگەڵ میللەتەکەمان وا تێکەڵکردوە کە کەس پێی جیاناکرێتەوە.

چی بۆ کوردستان باشە بۆ یەکێتی باشە و چیش بۆ یەکێتی گونجاوە لەگەڵ میللەتەکەمان بەشی ناکەین، گشتی با بۆ میللەتەکەمان بێت.

بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندیی عێراق تەنها 4.5 ملیۆن دۆلاری نەختینەی خستە بازاڕەوە

بابەتی دواتر

بەرگریی شارستانیی هەولێر: تەرمی ئەو هاوڵاتییەی دوێنێ خنکا دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share