لە یەکەم سەردانیدا دوای وەرگرتنی پۆستەکەی لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی مەسعود پزیشکیان دەگاتە عێراق.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا لەسەر بانگهێشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی رەسمی بگاتە بەغداد.
لە سەردانەکەیدا پزیشکیان واژوو لەسەر ئەو رێکەوتننامانە دەکات، کە بڕیار بوو ئیبراهیم رەئیسی لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق واژوویان بکات.
بڕیاربوو ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران سەردانی عێراق بکات و چەند رێککەوتننامەیەکی هاوبەش واژووبکات، بەڵام بەهۆی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی نەیتوانی گەشتەکەی ئەنجامبدات و رێککەوتننامەکان واژوو بکات.
بڕیارە گەشتەکەی پزیشکیان ماوەی سێ رۆژ بخایەنێت و سەردانی هەرێمی کوردستان و شاری بەسرەش بکات.
لەدوای وەرگرتنی پۆستەکی ئەمە دەبێتە یەکەمین سەردانی پزیشکیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی.