لەبارەی مووچەوە دڵنیایی بە مووچەخۆران دەدرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵ و فشارەكانمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوامە.

د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم سەردانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقمان كرد و لەگـەڵ د. عەممار مەشهدانی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی و جێگرەكەی كۆبووینەوە.

راشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆمان لەسەر هۆكاری دواكەوتنی خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كرد و سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دڵنیایكردینەوە كە هۆكاری دواكەوتنی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لای ئەوانەوە نییە، وردبینی لە خشتەی مووچەخۆران لەلای ئەوانەوە وەرزییانە دەبێت و بەهیچ شێوەیەك رێگرنابێت لە خەرجكردنی مووچە، ئەوانیش لایەنی پەیوەندیدارنین بۆ پێدانی فەرمانی خەرجكردن.

وتیشی، ” سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی ئاماژەی بەوەدا ئەو وردبینییەی ئەوان لە لیستی مووچەی هەرێمی كوردستان دەیكەن، وەرزییە بەم شێوەیە ( مانگەكانی 1، 2 ،3 دواتر مانگەكانی 4، 5 ، 6 ، و 7 ، 8، 9 و لە كۆتاییدا 10، 11، 12 پێكەوە دەبێت و لە ئێستادا وردبینیی وەرزی دووەم دەكەن”.

ئاشكراشیكرد، ” سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی دووپاتیكردووەتەوە، پێشتریش كە پارە خەرجكراوە ئێمە وردبینیمان تەواونەكردبوو تاوەكو ئێستا پەیوەندیی بە وردبینیی ئێمەوە هەبێت، بۆیە پێویستە پارەی مووچەی هەرێمی كوردستان خەرجبكرێت، چونكە مانگەكانی تەمموز و ئاب و ئەیلول لە مانگی تشرینی یەكەم وردبینی بۆ دەكرێت.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی دەرکرد

بابەتی دواتر

ئاگر لە گۆڕەپانی تانکەرەکانی دەروازەی پەروێزخان کەوتەوە و شۆفێرێک گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share