قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیكرد لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیادا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی یەكشەممە لە هەولێر بە ئامادەبوونی میكێلێ كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر كاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، جەختكرایەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد كە ئەنجامەكەی رەنگدانەوەی تەواوی دەنگ و ئیرادەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كرا و لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆك وەزیران بۆچوونی خۆی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكان بۆ باڵیۆزی ئیتاڵیا روونكردەوە.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ماڵئاوایی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا.

بابەتی پێشتر

شەقامێکی نوێ لە کەلار دروستدەکرێت

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share